پەرلەمانتارێكی ھەدەپە: هیچ رێی تێناچێت ئەردۆغان کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەربکات
"ئێمە هەموومان دەمانەوێت دیموکراسی بۆ وڵاتەکەمان بگەڕێنینەوە"
K24 – ههولێر:
ئەنیستیتۆی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن، كۆنفرانسێكی لەبارهی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا بەرێوەبرد، پەرلەمانتارێك بۆچوونی وایه، ئەردۆغان بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەی کورد چارەسەرناكات.
لهمبارهیهوه ههشیار ئۆزسۆی پەرلەمانتاری توركیا لە فراكسیۆنی ھەدەپە، به كوردستان24ـی گوت: "ئاکەپە دەیەوێت تێڕوانین و تێگەیشتنێک دروستبکات، واینیشانبدات جارێکی دیکە لە کورد نزیکدەبێتەوە، بەڵام ئەوە وانییە، ئەو ئەوە ناکات".
ئۆزسۆی دهشڵێت: "لەکاتێکدا ئەردۆغان هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە دژە کوردهكان پێکدەهێنێت، هیچ رێی تێناچێت کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەربکات، ئێمە چاوەڕێی ئەوەی لێناکەین، بەڵام دەیەوێت ئەو تێگەیشتنە لەنێو کورددا دروستبکات، بۆئەوەی هەندێ دەنگ بەدەستبهێنێت".
لهلایهكی دیكهوه چەنگیز چاندار رۆژنامەنووس، به كوردستان24ـی راگهیاند، ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا، هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە، چونکە بۆ یەکەمجاره ئەو ماوە درێژەی دەسەڵاتی ئهردۆغان، کە درێژترین ماوەی دەسەڵاتە لە مێژووی کۆماری تورکیا، لەوانەیە بدۆڕێت، ئەگەر بدۆڕێت ناتوانێت بگەڕێتەوە، بۆیە نایەوێت بدۆڕێت، بۆ ئهمه سەرکردایەتی هاوپەیمانییەتییەکی نەتەوەپەرستی دژەکورد دەکات لە تورکیا.
چاندار ههروهها گوتی: "بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی لە تورکیا یەکبخات و لە سندوقەکانی دەنگدان بەکاریبهێنێت، یەکێك لە ئاسانترین و کورترین رێگاکان ئەوەیە، هەستی نەتەوەپەرستی تۆخبکاتەوە".
ههروهها ئووناڵ چەڤیکۆز پەرلەمانتاری توركیا لەفراكسیۆنی جەھەپە، دهڵێت: "هەدەپەش یەکێکە لە پارتە ئوپۆزسیۆنەکان، بابەتەکە ئەوە نییە چەند پارت و کامەیان بەیەکەوەن، کێشەکە سیاسەتی پارادیکماتیکییە لە تورکیا، پارادیکماتیکی بریتییە لە سیاسەتی پاوانخوازی کە لەلایەن ئەردۆغان و ئەکەپەوە بەرگری لێدەکرێت بەرامبەر بیرۆکەی دیموکراسی و پێشخستنی دیموکراسی و چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی بۆ تورکیا، بۆیە هەدەپە و شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەی دیکە لەم رووە جیاوازی بیرکردنەوەیان نییە، ئێمە هەموومان دەمانەوێت دیموکراسی بۆ وڵاتەکەمان بگەڕێنینەوە".