سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر دەكات
"جەخت لە پێویستیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان و رەنگدانەوەی لەسەر بڕیارەكانی حكومەتی تازەی عێراق كرایەوە"
K24 – هەولێر
رۆژی یەكشەممە (18ـی كانوونی یەكەمی 2022) لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد مەولوود یاقووت كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و بایەخی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و كوردستان و كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و هەروەها دۆستایەتیی و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تاوتوێكران.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لە پێویستیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان و رەنگدانەوەی لەسەر بڕیارەكانی حكومەتی تازەی عێراق كرایەوە.
هەروەها لەو دیدارەدا باس لە گرنگیی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی باب و باپیرانیان و كۆتاییهاتن بە ئێش و ئازار و ژیانی ئاوارەیی خەڵكی دەڤەری شنگال كرایەوە.