لەسەر رەزامەندی مەسرور بارزانی نزیکەی هەشت ملیار دینار بۆ هەولێر خەرجدەکرێت

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی نزیکەی هەشت ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر.  

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و فەراھەمکردنی ژینگەی پاک و پاک مانەوە و راگرتنی سیمای شارەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی حەوت ملیار و 871 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێر.

سەبارەت بە ئامانج لە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەدا، ئەو گوژمەیە بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی خاوێنکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاک لە سنووری پارێزگای ھەولێر خەرجدەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم گوژمەیە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی ھەولێر خەرجدەکرێت.