مەکتەبی سیاسی پارتی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی تاوتوێ دەکات

K24 - هەولێر

مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی تاوتوێ دەکات.

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/12/2022، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە. پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ تیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرد و سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی گوت: کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوو تیمی پارتی و یەکێتی لە حکومەت هەیە و کۆبوونەوەش لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە.

سەرچاوەکە گوتیشی: تیمی پارتی و یەکێتی لە حکومەت لەسەر گۆڕانکارییەکان لە حکومەت و پەرلەمان لێکتێگەیشتنی باشیان هەیە.