هۆڵەندا دووپات لە پاڵپشتییەکانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

یاکو بریندز کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان
یاکو بریندز کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتییەکانیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

یاکو بریندز کونسوڵی گشتی هۆڵەندا، بەپێویستی زانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکگرتووبن بۆ ئەوەی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کاریگەرتربێت.

ئەو دەڵێت: پاڵپشتییەکانی ئێمە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و هێشتا کاری زۆر ماوە بیکەین. بەردەوامیش دەبین لە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر خۆی لە پێدانی راوێژ دەبینێتەوە، بەڵام دەبینین کە لە دۆخێکی سەختداین، چونکە بۆ ئەوەی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە کاریگەربێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەکگرتووبن.

کونسوڵی گشتی هۆڵەندا رایگەیاند، "ئێستا ئەو یەکگرتووییە لە ژێر فشاردایە. لەسەر ئاستی سیاسیدا پێویستیمان بە یەکگرتوویی زیاتری لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. هاوکات، ئێمە پابەندین و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە."

هاوکات حکومەتی هۆڵەندا لە هەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆگرامی "گۆشەی پڕتەقاڵی"ـیە لە هەرێمی کوردستان. ئەو پڕۆگرامە گرنگیی بە بەزاڕی لاو دەدات و دەیەوێت یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە بیرۆکەی کارکردنیان هەیە.

یاکو بریندز، لەوبارەیەوە گوتی: لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر باش و درێژخایەنمان هەیە، یەکێك لە هۆکارەکان، خەڵکێکی زۆر راستەوخۆ پەیوەندییان بە هۆڵەنداوە هەیە و ئێستا لێرە دەژین. خەڵکێکی زۆر لە هۆڵەندا ژیاون یان خوێندوویانە و ئێستاش گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش لە پرۆگرامی گۆشەی پرتەقاڵین کە گرنگی بە بازرگانی لاو دەدات، لەو پڕۆگرامە هەوڵ دەدەین یارمەتی ئەو کەسانە بدەین و بیرۆکەیان پێبدەین بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن.

کونسوڵی گشتی هۆڵەندا، دووپاتیکردەوە، پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان هەیە و ئاشکراشیکرد، بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ بابەتێکی دیکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندايە بۆ مسۆگەڕکردنی فرەداهاتی.

یاکو بریندز، دەڵێت: بابەتێکی دیکەش کە هەر دوولا کاری لەسەر دەکەین کشتوکاڵە، هەبوونی سەرچاوەی زۆری داهات ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری تاوەکو تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی تەواوی ئەو بیرۆکەیە دەکات و چەندین بۆنەی بۆ ئەو بابەتە ریکخستووە، حکومەتی هۆڵەنداش پاڵپشتی دەکات.