مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە
K24 - سلێمانی
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دەکات.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی كانوونی یهكهمی 2022، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندی یەکێتی و پارتی و دوایین گۆڕانکارییەکان دەکرێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە و، بە گوتەی سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشهممه تیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرد و سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی گوت: کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوو تیمی پارتی و یەکێتی لە حکومەت هەیە و کۆبوونەوەش لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە.
سەرچاوەکە گوتیشی: تیمی پارتی و یەکێتی لە حکومەت لەسەر گۆڕانکارییەکان لە حکومەت و پەرلەمان لێکتێگەیشتنی باشیان هەیە.