میدحەت سەنجار: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستان کێشەکانی کورد ئاڵۆزتر دەکات
K24 – هەولێر
هاوسەرۆکی هەدەپە رایدەگەیەنێت، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنووریاکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان "کێشەکانی کورد ئاڵۆزتر دەکات، ئەمە کێشەی کورد چارەسەر ناکات، بەڵام دەبێت کێشەکان بە رێگەی دیموکراسی چارەسەر بکرێن".
میدحەت سەنجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، هەڵوێستی پارتەکەیان لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە تورکیا و باکووری کوردستان دەخاتەڕوو.
هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی: "14 مانگ پێش ئێستا، راگەیەندراوێکمان بڵاوکردەوە و تێیدا سیاسەتی خۆمان سەبارەت بە هاوپەیمانی دیموکراتیک راگەیاند و ستراتیژی خۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا خستەڕوو، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەمانەوێت هاوپەیمانییەکی گەورە دروست بکەین، ناوی ئەو هاوپەیمانییەمان ناوە "هاوپەیمانی دیموکراسی"، ئێستا هاوپەیمانیمان پێکهێناوە، ناوەکەی "هاوپەیمانی کرێکاری و ئازادییە"، دەمانەوێت لەگەڵ هاوپەیمانییەکەمان وەک حزبێک بەشداری پەرلەمان بکەن، ئێستا مەرجمان هەیە و زۆر پرس هەیە بۆ ئەوەی دانوستان بکەین".
سەبارەت بە کاندیدی هەدەپە بۆ هبەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، میدحەت سەنجار دەڵێت: "ئێمە سەرەتادا دەڵێین دیموکراسییەکی بەهێز، دادپەروەری بێلایەن و سەربەخۆ، یاسایەکی بنەڕەتی دیموکراسی و چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ کێشەی کورد، دادپەروەری لە ئابووریدا، لە بەیاننامەکەماندا 11 خاڵ هەن، هەر ئەو خاڵانە قبووڵ بکات، ئێمە دەتوانین هاوکاری بکەین بۆ کاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی".
سەنجار زیاتر لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و رێککەوتنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دوا و گوتی: "دەمانەوێت گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ شەش لایەن ئەنجام بدەین، ئەم دانووستان و دیالۆگانە پێویستە کراوە و شەفاف بن، نەک لە پشت دەرگا داخراوەکان، ئەگەر رێکبکەوین ئێمە ئامادەین بۆ یارمەتیدانیان، بە جۆرێک کاندیدی سەرۆکایەتی دەتوانێت کاندیدی هەموومان بێت".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر لەگەڵ شەش لایەنەکە سەبارەت بە کاندیدی هاوبەش بۆ سەرۆکایەتی نەگەنە رێککەوت، ئایا هەدەپە کاندیدی خۆی دەبێت؟ هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت: "لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و کارمان هەیە، ئەگەر کاندیدێک بەپێی ئەم چوارچێوەیە نەبوو کە هەدەپە دەیەوێت، هەوڵدەدەین کاندیدی خۆمان هەبێت".
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە لە سنووری باشوور و رۆژئاوای کوردستان، سەنجار گوتی: "ساڵانێکە ئاکەپە و مەهەپە لە ناوخۆدا ستەم دەکەن و سیاسەتی جەنگی لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبەن، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان ئەوە دەکەن، بەڵام درۆ بۆ خەڵک دەکەن، باش دەزانین بەم ئۆپەراسیۆنانە کێشەی کورد چارەسەر نابێت، ئەمە چارەسەر نییە، هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کێشەی کورد هێندەیتر ئاڵۆزتر و گەورەتر دەکەن، ئێمە دەڵێین چارەسەر لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوەیەوە، پێویستە کێشەی کورد بە دیموکراسی چارەسەر بکرێت، رێگە دروستەکە ئەوەیە نەک شەڕ، هۆکاری ئەم هێرشانەش ئەوەیە کە دەسەڵات نایەوێت کورد لە هیچ شوێنێکی جیهان ماف و دادپەروەری هەبێت، ئەوان دەیانەوێت کورد بۆ سەدەیەکی دیکە بێ پێگە و ماف بمێنێتەوە".
چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دیاربەکر بەهۆی هەڵواسینی ئاڵای کوردستانەوە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر بارەگای حزبە کوردییەکان، سەبارەت بەوە هاوسەرۆکی هەدەپە هێرشەکان تەنیا بۆ سەر یەک لایەن نین، بەڵکو بۆ سەر هەموو کوردە، سیاسەتی حکومەتی تورکیا جیاوازی ناکات لەنێوان کوردان هەمووی وەکو یەک تەماشا دەکات، بۆیە لە باکووری کوردستان دەمانەوێت دیالۆگێک لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکان ئەنجام بدەین، دەمانەوێت هاوپەیمانییەک دروست بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە دەکەین".