جۆرجا میلۆنی: ویستم یەکەم سەردانم لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بێت

K24 - هەولێر:
جۆرجا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئیتاڵیا لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، رایگەیاند، "ویستم یەکەم سەردانم لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بێت".
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئیتاڵیا لەپاڵ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە".
جۆرجا میلۆنی ئاماژەی بەوەدا، نیازیان وایە کاری کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان گەورەتر و فراوانتر بکەن.
سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، هاوکارییە سەربازییەکانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبن.
جۆرجا میلۆنی تهمهن (45 ساڵ)، رۆژی 22ـی ئۆکتۆبەر وەک یەکەم ژن لە مێژووی ئیتاڵیا پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت و سهركهوتنێكی گهورهی له ههڵبژاردنه پهرلهمانییەکەی 25ـی ئهیلوولی رابردوو بهدهستهێنا.
لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، جۆرجا میلۆنی گوتی "خۆشحاڵم کە لە هەولێرم، ویستم یەکەم سەردانم بۆ دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بێت".
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، "زۆر سوپاسی رۆڵی جەنابتان دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە و ئەو هەلەی بۆ ئێمەتان رەخساند، هیوادارم بەزووترین کات یەکتر ببینینەوە".