ئیمانوێل ماکرۆن: کوردانی فەرەنسا لە دڵی پاریس هێرشێکی  قێزەونیان کراوەتە سەر

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوسەرەکەی، بریجیت ماکرۆن
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوسەرەکەی، بریجیت ماکرۆن

K24 - هەولێر:

ئیمانوێل ماکرۆن لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی پاریس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، کوردانی فەرەنسا لە دڵی پاریس هێرشێکی  قێزەونیان کراوەتە سەر.

ماکرۆن لە تویتەکەیدا نووسیویەتی:سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیەکان دەکەین و نزای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین

سەرۆکی فەرەنسا راشیگەیاند، بە ئازایەتی و هەوڵ و ماندووبوونی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکامان پێدەزانین و سوپاسیان دەکەین. 

ئەمڕۆ هەینی، کەسێکی (تەمەن 69 ساڵ) بە چەکەوە هێرشیکردە سەر ئارایشتگەیەک و ناوەندی کولتووری (ئەحمەد کایا) لە پاریس، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی کورد کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دواتریش هێرشکارەکە دەستگیرکرا.

پاش دەستگیرکردنی هێرشکارەکە و بڵاوبوونەوەی هەندێک زانیاری لەبارەی رووداوەکە، کوردانی دانیشتووی فەرەنسا و بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانێکیان دژی ئەو هێرشە دەستپێکرد و تێیدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو.