سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشە چەکدارییەکەی پاریس دەکات

"دڵنيام لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى فه‌ره‌نسا دادپه‌روه‌رى بۆ قوربانييان و خێزانيان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن"

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئیدانەی هێرشە چەکدارییەکەی ئەمڕۆی پاریسی کرد کە تێیدا سێ هاووڵاتی کورد کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا سوپاسی بەدەمەوەهاتنی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسای کرد.

لەبارەی قوربانییەکانەوە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "دڵنيام لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى فه‌ره‌نسا دادپه‌روه‌رى بۆ قوربانييان و خێزانيان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکۆتایی تویتەکەیدا نووسیویەتی "فه‌ره‌نسا هه‌ميشه‌ پشتيوانى گه‌لى كوردستان بووه".

ئەمڕۆ هەینی (23ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، کەسێکی (تەمەن 69 ساڵ) بە چەکەوە هێرشیکردە سەر ئارایشتگەیەک و ناوەندی کولتووری ئەحمەد کایا لە پاریس، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی کورد گیانیان له‌ده‌ستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دواتریش هێرشکارەکە دەستگیرکرا.

پاش دەستگیرکردنی هێرشکارەکە و بڵاوبوونەوەی هەندێک زانیاری لەبارەی رووداوەکە، کوردانی دانیشتووی فەرەنسا و بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانێکیان دژی ئەو هێرشە دەستپێکرد و تێیدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو.