سەربازێکی عێراقی بەهۆی بارانبارینەوە گیانی لەدەستدا

هێزه‌كانی سوپای عێراق
هێزه‌كانی سوپای عێراق

K24 - هەولێر:

پۆلیسی پارێزگای زیقار بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، سەقفی خانووەیک داڕماوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە کە سەربازە لە سوپای عێراق.

پۆلیسی فریاکەوتنی پارێزگای زیقار بڵاویشیکردەوە، رووداوەکە لە قەزای شورتە لە باکووری پارێزگای زیقار روویداوە، سەرباری گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە، دوو ئەندامی دیکەی خێزانەکەی گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە، بەشێکی شه‌قامه‌كانی شاری نەجەف ژێرئاوكه‌وتوون و ئاو چووتە ماڵان و زەرەر و زیان بەر هاووڵاتیان کەوتووە و هاووڵاتیانیش رەخنە حکومەت دەگرن بەهۆی کەمتەرخەمی لەوەی ئامادەکاری پێشوەختە نەکراوە بۆ رووداوە سروشتییەکان.

کازم سەلمان بورهان بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی رایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق تەواوی تیمەکانی بەرگری شارستانی خراونەتە کار بۆ پاکرنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاوەڕۆ.