سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی سوننه كۆبووه‌وه‌

سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە سوپاسی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی سوننه كۆبووه‌وه‌
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی سوننه كۆبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی سوننه كۆبووه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ بیرۆڕایان لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و هەڵەكانی رابردوو ئاڵوگۆڕكرد.

ئه‌مڕۆ شەممە 24ی كانوونی یەكەمی 2022، باره‌گای بارزانی رایگه‌یاند، لە سەلاحەددین (پیرمام) سەرۆك بارزانی پێشوازی لە دكتۆر مەشعان ئەلخەزرەجی، سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە و شاندێكی یاوەری كرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانی، لە دیدارەكەدا سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە پێزانینی بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەبات و تێكۆشانی گەلانی عێراق هەبوو و، سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و لەیەكنزیككردنەوەی پێكهاتەكان و لێكتێگەیشتن و برایەتی و تەبایی نێوانیان. هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە رۆژانی تەنگانەدا میوانداریی سەدان هەزار پەنابەر و لێقەوماوی كردووە.

باره‌گای بارزانی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە ئەزموونی هەرێمی كوردستانی وەك سەرمەشقێكی باش بۆ بەشەكانی تری عێراق لەقەڵەم دا.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لە دیدارەكه‌دا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و هەڵەكانی رابردوو ئاڵوگۆڕ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر بار و گوزەرانی خەڵك لە پارێزگاكانی ناوەند و باشووری عێراق.