کریستیانەکان لە دۆخێکی سەقامگیردا لە هەرێمی کوردستان یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەکەنەوە

K24 – هەولێر

بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح ( سڵاوی خوای لەسەر بێت) کریستانییەکان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان چەندین رێوڕەسمیان رێکخستووە و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی موسڵمانان بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی لە کریستیانەکان دەکەن و جەخت لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە و ئایینزاکان دەکەنەوە.

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح کرد و لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لە کەنیسەکان دەگەڕێن و بەشداری لە قەداس دەکەن، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە خوشک و برا کریستیانەکان دەکەن.

گوتیشی: "جەخت لەو پێکەوەژیان دەکەینەوە کە لە کۆنەوە لە هەرێمی کوردستان هەبووە و بەردەوامە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسا و رێنماییەکان جەختیان لەوەکردووەتەوە ئەو پێکەوەژیانە قوڵتر بکرێتەوە، بۆیە ئەو ئارامییەی سایەی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە ئازادی ئەو یادە پیرۆزە دەکرێت".

هەر لەبارەی رێوڕەسمی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، دەڵێت: "دڵخۆشین کە برایەکانمان وەک هەمیشە لە بۆنە خۆش و ناخۆشەکاندا بەشداریمان لەگەڵدا دەکەن، ئەو پێکەوەژیانە لە باوک و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە بە حیکمەتی سەرکردایەتی سیاسی خۆمان لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو پێکەوەژیانە پارێزراوە و بووەتە نموونەیەک بۆ هەموو جهیان".

دەشڵێت: "ئێستا زیاتر لە %80ی مەسیحییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئەمەش دوای بڕیارە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کردنەوەی دەرگای هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ئاوارە مەسیحییەکان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی تایفی لە عێراق، ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە نیشانەی ئەوەیە زۆرینە کە کوردی موسڵمانەکانن باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە".