پوتن له‌باره‌ی پێدانی سیسته‌می پاتریۆت به‌ ئۆكرانیا هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

پوتن: رۆژئاوا دەیەوێت رووسیا پارچە پارچە بکات

ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكی رووسیا له‌باره‌ی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی پاتریۆته‌وه‌ قسه‌یكرد و رایگه‌یاند، هێزه‌كانی رووسیا ده‌توانن سیسته‌مه‌كه‌ تێكبشكێنن. ناوبراو ره‌خنه‌ له‌ رۆژئاواش ده‌گرێت و ده‌ڵێت، رۆژئاوا ده‌یه‌وێت رووسیا پارچه‌ پارچه‌ بكات. 

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرایکرد، سەد لە سەد متمانەیان بە هێزەکانیان هەیە بتوانن سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمریکی تێکبشکێنن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، رۆژئاوا بە درێژایی مێژوو سیاسەتی لە دژی رووسیا پەیڕەوکردووە و دەیەوێت وڵاتەکە پارچە پارچە بکەن، بەڵام ئامانجی هەمیشەیی مۆسکۆ یەکگرتنەوەی گەلی رووسیایە.

پێشتر، کۆشکی کرملن ئاماژەی بەوداوە، هەر چەکێکی وڵاتانی رۆژئاوا بێتە خاکی ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانیانەوە دەکرێتە ئامانج.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، دوێنێ شه‌ممه‌ 24ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی ناوچەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، سیستەمی بەرگری پاتریۆت ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە پاراستنی ئاسمانی ئۆکرانیا لە هێرشە بەردەوامەکانی رووسا، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رەتیکردووەتەوە هەموو ئەو چەکانە بە ئۆکرانیا بدات کە کیێڤ داوای دەکات، لەوانەش مووشەکی دوورمەودا و تانکی ئابرامز.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 21ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، واشنتن به‌ به‌های 1.85 ملیار دۆلار هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌شی ئۆكرانیا ده‌كات.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی واشنتن، سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی (پاتریۆت) و چه‌ندین كه‌لوپه‌لی دیكه‌ی سه‌ربازی له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌رگرییه‌ی له‌مێژه‌یه‌ ڤلادیمێر زێلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا داوای به‌ده‌ستهێنانی له‌ واشنتن ده‌كرد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی رووسیا، به‌ڵام له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا واشنتن گوێی له‌م داوایه‌ی سه‌رۆكی ئۆكرانیا نه‌ده‌گرت.

به‌گوته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، "رووسیا ده‌یه‌وێت زستان وه‌ك چه‌كێك به‌كاربهێنێت بۆ برسیكردن و ئاواره‌كردنی خه‌ڵكی ئۆكرانیا". ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات، "له‌ماوه‌ی 300 رۆژی رابردوودا رووسیا هه‌وڵیداوه‌ ئۆكرانیا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ بسڕێته‌وه‌، به‌ڵام شكست به‌ هه‌وڵه‌كانی هێندراوه‌".

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ربازییانه‌، له‌ماوه‌ی داهاتوودا واشنتن به‌ به‌های 850 ملیۆن دۆلاری دیكه‌ هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌شی ئۆكرانیا ده‌كات، به‌و شێوه‌یه‌ش كۆی به‌های هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ كیێڤ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 21 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی نێوان رووسیا و ئۆكرانیاوه‌ تا ئێستا.