لە هەڵەبجە نزیکەی 600 دۆنم زەوی بە داری زەیتوون چێنراوە
لەگەڵ هاتنی وەرزی پێگەیشتن و کۆکردنەوەی زەیتووندا، دارزەیتوونەکانی هەڵەبجە بە بەرهەمی ئەمساڵیانەوە رازاونەتەوە و باخەوانان و جووتیارانی سنوورەکە دەستیان بە هەڵگرتنەوەی بەرهەمەکانیان کردووە، کە هەر دەنکە زەیتوونێکی، هیوا و ماندووبوونی ساڵێکی باخەوانیی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە.
لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 600 دۆنم زەوی بە داری زەیتوون چێنراوە و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە 1500 تۆن. عومەر حەمە فەرەج، جووتیارێکی سنوورەکەیە و بو کوردستان24ـی راگەیاند، نزیکەی 30 جۆر زەیتوون هەیە و خۆیشی باخی زەیتوونی هەیە، لەبارەی جۆرەکانییەوە دەڵێت: جۆرە بچووکەکەی بۆ رۆن بەکاردێت و جۆرە گەورەکەشی بۆ خۆشکردنە و ئێستا کاتی پێگەیشتنییەتی.
ئەو جووتیارە باس لەوەش دەکات بارانبارین سوودێکی زۆری بۆ زەیتوونەکە هەیە، چونکە هەم تەپوتۆزەکەی لادەبات و هەم ئاودارتری دەکات، جەختیشی کردەوە، بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشوو باشتر بووە.
دوای کۆکردنەوەی زەیتوونەکانیان، بەشێک لە باخەوانانی هەڵەبجە و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکەیان دەهێننە کارگەی (راسان) لە هەڵەبجە بۆ ئەوەی بیکەنە زەیت، کە کارگەکە رۆژانە توانای وەرگرتنی سەدان تۆن زەیتوونی هەیە.
لەمبارەیەوە، پەیام سەیوان، خاوەنی کارگەی راسان، رایگەیانگ “کارگەی راسان گەورەترین کارگەی رۆنی زەیتوونە لەسەر ئاستی عێراق و لە 24 کاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی 120 تۆنی هەیە، هەروەها توانای خەزنکردنی 200 هەزار لیتر زەیتی زەیتوونیشی هەیە”.
خاوەنی کارگەکە ئاماژەی بەوەش دا، دەتوانن بەرهەمی هەموو جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکڕنەوە، گوتیشی: بەرهەمی جووتیارانی رۆژئاواش دەکڕینەوە بۆ ئەوەی کوردانی رۆژئاواش سوودمەند بن لێمان.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لەسەر رووبەری نزیکەی 52 هەزار دۆنم زەوی، زیاتر لە هەزار باخی زەیتوون، زیاتر لە دوو ملیۆن داری زەیتوون و حەوت کارگەی زەیتی زەیتوون هەن، کە بەرهەمی ساڵانەیان نزیکەی 8 هەزار تۆن زەیتوونە.
زەیتوون دارێکی هەمیشە سەوزە کە بەرزییەکەی دەگاتە 10 مەتر و سەدان ساڵ تەمەن دەکات، هاوکات وەک سیمبوولی خێر و بەرەکەت و ژیان و ئاشتیش دەناسرێت.