مینسك: مووشەکی ئیسکەندەری رووسی ئامادهیه

K24 – ههولێر:
بێلارووس رایدەگەیێنێت، سیستەمی مووشەکی ئیسکەندەری رووسی بۆ بەکارهێنان ئامادەن.
لیۆند کاسینسکی، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی سەرەکی ئایدۆلۆژیا لە وەزارەتی بەرگری بێلارووس، رایگەیاند، سیستەمی مووشەکی تاکتیکی ئیسکەندەر و سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 ی رووسی، کە لە خاکی بێلارووس جێگیرکراون، بە تەواوی ئامادەن بۆ بەکارهێنان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.
راشیگەیاند، هێزەکانیان راهێنانی پێویستیان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستەمەکان وەرگرتووە لە مەشقی هاوبەشی هێزەکانی رووسیا و بێلارووس.
هەردوو سیستەمی مووشەکییەکە توانای پێکانی ئامانجەکانیان بە دووری 500 کیلۆمەتر هەیە و هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمین.
رۆژی 19ـی ئهم مانگه، ڤلادیمێر پوتن سهرۆكی رووسیا، سەردانی بیلارووسیای هاوپەیمانی کرد و لەلایەن هاوتاکەی لە فڕۆکەخانەی مینسکی پایتەخت پێشوازی لێکرا.
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا بیلارووسیەکەی رایگهیاندبوو، وڵاتهکەی ئامادەیە بۆ بەرەو پێشبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی لە بیلارووسیا و کەسانی پسپۆریشی بۆ ئامادە دەکات، هەروەها کار لەسەر گەشەپێدانی پڕۆژەی غازی سرووشتی دەکەن.
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشدابوو، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵاتەکە گەیشتووەتە 31 ملیار دۆلار و تا کۆتایی ساڵ 40 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.
ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلارووسیا کە بە هاوپەیمانێكی نزیکی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا دادەنرێت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵەکانی دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت دووبارە ناکەینەوە، سەرەڕای سزاکان کار لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان دەکەین.
هەروەها داواشیکرد، یەکێتی ئەوروپا بە شێوازێکی ئاقڵانە بڕیاربدات، جەختیشی کردەوە دەرگاکانی مینسک و مۆسکۆ بۆ گفتوگۆ کراوەن.