سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ بەرپرسانی موسڵ لە کۆبوونەوەدایە
K24 – هەولێر
لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی باڵای پارێزگای نەینەوا لە شاری مووسڵ لە کۆبوونەوەدایە و پێش کۆبوونەوەکەش لە تویتێکدا نووسیویەتی لە سەردانەکەیدا بۆ مووسڵ، گوێ لە کێشە و گرفتەکانی خەڵکی شارەکە دەگرێت و پشتیوانی خەڵکی مووسڵ دەکەن کە بەهۆی داعشەوە ئازاری زۆریان چەشتووە.
رێناس عەلی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی بەرنامە و کۆبوونەوەکانی سەرۆک کۆمار لە موسڵ رایگەیاند، "سەرۆککۆمار جیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا، لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەو پارێزگایە کۆدەبێتەوە و دەیەوێ بزانێ چی بۆ موسڵ کراوە، هەروەها لە بەرنامەیدایە سەردانی موسڵی کۆن و زانکۆی موسڵیش بکات".
سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها نووسیویەتی، داعش هەوڵیداوە ناسنامەی مووسڵ و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی شارەکە بسڕێتەوە، بەڵام ئەوان لەگەڵ لایەنە حکومیییەکان هەوڵی بنیاتنانەوە و تەواوکردنی پڕۆژەکان و بەرەوپێشبردنی کەرتی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی موسڵ دەدەن.