ئومێد خۆشناو: خواستی ئێمە ئەوەیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت

K24 – هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، بەهۆی کارانەکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە، نەتوانراوە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، دەشڵێت: خواستی ئێمە ئەوەیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بەداخەوە ساڵی رابردوو نەتوانرا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، ئەمەش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان کە نەتوانرا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارابکرێتەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ ئامادەکاریی دەکرێت".

گوتیشی: "ئومێدمان وایە ئەمساڵ هەم کۆمسیۆن کارابکرێتەوە و هەمیش لایەنەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بگەنە ئەنجامێک کە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، خواستی ئێمە ئەوەیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، چونکە ماوەیەکی زۆر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکراوە، چەندین جاریش ئەو داوایە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاکان کراوە، ئێمەش وەکو ئیدارە پاڵپشتی داواکەیان دەکەین".