ئەمەریکا: جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا درێژە دەکێشێت

K24 - هەولێر

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، پێشبینی ناکەین جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە چەند مانگی داهاتوو کۆتایی بێت.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی راشیگەیاند "رووسیا ئامادە نییە لە چەند مانگی داهاتوودا دەست لە جەنگ هەڵبگرێت و واز لە داگیرکارییەکانی بهێنێت، هەر بۆیە جەنگ درێژە دەکێشێت".

جۆن کێربی ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو جەنگ درێژە بکێشێت ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەسەر ناردنی هاوکاری سەربازیی و مرۆی بۆ کێیڤ.

لە 24/2/2022، رووسیا هێرشی بۆسەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کرد و جەنگی نێوان مۆسکۆ و کێیڤ، سەریهەڵدا و تائێستاش بەردەوامە.

دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا، جەنگی رووسیا – ئۆکرانیا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ تێکچوونی ئابووری جیهان و دۆخی سیاسی نێوان وڵاتانی زلهێز.