داعش ماڵهكانی فهللووجهی بۆمبڕێژكردووه
سوپای عێراق سهرقاڵی پاككردنهوهن
K24 - ههولێر:
تیمە تایبەتەكانی سوپای عێراقی دەستیانكردووە بە پوچەڵكردنەوەی بۆمبەچێنراوەكانی شاری فەلوجە و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئاشكرای دەكەن چاوەڕێ ناكات ھەتا مانگی داھاتوو دانیشتووانانی ئەو شارە بگەڕێنەوە بۆ نێو ماڵ و حاڵیان.
ھێزەکانی سوپای عێراقی دەستیان کردووە بە قۆناخی پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێندراوەکانی داعش لەنێو شارۆچکەی فەللووجە لە رۆژئاوای عێراق و فەرماندەیەکیش ئاشکرای دەکات، داعش زۆربەی خانووەکانی شارەکەی بۆمبرێژکردووە.
لەدوای نزیکەی مانگێک لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری فەللووجە، لە سەرەتای ئەم مانگە، ھێزەکانی عێراقی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی شارەکەیان راگەیاند، بەڵام ماوەی ھەفتەیەکە، تیمە تایبەتەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەن لە بۆمبە چێندراوەکانی چەکدارانی داعش.
عانمار شەمەری، فەرماندەی ھێزی دژە تیرۆری سوپای عێراق دهڵێت: "ئێستا تیمەکانمان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت، بەمەبەستی پوچەڵکردنەوەی ھەر مینێک کە تیرۆرستانی داعش چاوندوویانە".
زیاتر لە دوو ساڵە، شاری فەللووجە لەژێر دەستی چەکدارانی داعش بووە و بە یەکێك لە بنکە بەھێزەکانی داعش ناسراوبوو، ئێستاش رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە پڕۆسەی پاککردنەوەی ئەو شارە رەنگە کاتی پێویست بێت و چاوەڕێ دەکات لە مانگی داھاتووەوە، ئینجا دانیشتووانانی ئەو شارە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ نێو ماڵوحاڵی خۆیان.
ئهو فهرماندهیه ههروهها دهڵێت: "ئێستا تیمە تایبەتەکانمان لەنێو شار خەریکی پاککردنەوەی خانووەکانن و چەند یەکەیەکیشمان لەدەرەوەی شارەکە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەن لەدژی چەکدارانی داعش".
فەرماندەکانی سوپای عێراقی ئاشکرایان کردووە لەدوای کۆتایی ھاتنی قۆناخی پاککردنەوەی شاری فەللووجە، قۆناخی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لەدەست داعش، دەست پێ دەكات.