ره‌حیم ره‌شیدی: كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا پێی وتم پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانمانه‌

ره‌حیم ره‌شیدی و ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا
ره‌حیم ره‌شیدی و ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا

K24 – هه‌ولێر:

ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا چاویکەوت بە ره‌حیم رەشیدی بەرپرسی نووسینگەی (کوردستان24) لە واشنتۆن بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئازادیی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان.

دەربارەی ئەو دیدارە رەشیدی بە کوردستان24ی راگەیاند: ''لە راستیدا گفتوگۆیه‌كی راشکاوانە و دۆستانە بوو. لەگەڵ ئەوەی ناتوانم بچمە ناو وردەکاری قسەوباسەکان، بەڵام لەسەر یەک باسمان لە بایەخی ئازادی بەیان، ئایین و پرسەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و دیدو چاوەڕوانییەکانی ئەمه‌ریکا کرد. نوێنەری ئەمه‌ریکا بە راشکاوی باسی لە مانەوەی ئەمه‌ریکا لە هەرێم کرد و لەم بارەوە کرانەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئاستی جیهان لە هەولێر بە نموونە هێنایەوە.

گوتیشی: سەبارەت بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئەمه‌ریکا لە ناوچەكه‌ بە گشتیی، لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی قسەی کرد و ئاشکرای کرد کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چاکسازی حکوومەت و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا لە ئەولەویەتی کارەکانیانەو ئەم بابەتانەیان بە روونی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باس کردووە.

ره‌شیدی هه‌روه‌ها گوتی: "لە بەشێکی دیکەی باسەکاندا تیشک خرایە سەر پەره‌پێدان بە په‌یوەندییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و هونەرییەکانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا. هەروەها ئەمه‌ریکا بە جیددی هەوڵی ئەوە دەدات لە بواری ئاڵوگۆری بازرگانی پەرە بە په‌یوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان بدات و چاویان لەوەیە کە بازرگان و کۆمپانیا ئەمه‌ریکاییەکان پتر لە هه‌رێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و بۆ دەستەبەر کردنی ئەم ئامانجەش واشنتن داوا و چاوەڕوانی خۆی لە هەرێمی کوردستان هەیە".

رەشیدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بۆ کوردستان24 سەبارەت بە گرنگی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمه‌ریکا لەم دۆخەدا ئاشکرای کرد: "یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان، چاکسازی، کراوەیی و سەقامگیری هه‌رێمی کوردستان بە لای ئەمه‌ریکاوە گرێدراوی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمه‌ریکایە و واشنتن چاوپۆشی لەم پرسانە ناکات و ئەمه‌ریکا وێڕای هاوپەیمانان درێژە بە پشتیوانی سیاسیی، سەربازی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەدەن و پێکەوە رووبەڕووی تیرۆرو هەڕەشەکان دەبنەوە".