نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەیاننامەیهك سەبارەت بە راپۆرتی ساڵانەی هیومان رایتس وۆچ بڵاودهكاتهوه
K24 - ههولێر:
بەیاننامەی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕاپۆرتی ساڵانەی هیومان ڕایتس وۆچ 2023:
لە رێککەوتی 12-1-2023 رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ (HRW) راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر زۆرێک لە وڵاتان بڵاوکردەوە کە تێیدا چەند نیگەرانییەکی خستووهتەروو.
حکومەتی هەرێم نموونەیەکی هەرێمیی سەرکەوتووە بۆ دیموکراسی و بەرجەستەکردنی بەها دیموکراتییەکان لەوانەش مافی ئازادی ڕادەربڕین، و پابەندە بە سیستەمێکی پتەوی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری، هاوکات کۆمەڵگەیەکی مەدەنی چالاک لە هەرێمی کوردستان هەیە وەک چاودێر، ئەمە بەدەر لە بوونی چەندان رێکخراو و ئاژانس و دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە بەشدارن لە چاودێریکردن و بەرەوپێشبردنی ستاندەرەکانی مافی مرۆڤ.
دەربارەی ئەو بابەتە یاساییانەی لە راپۆرتی ناوبراو وروژێندراون، مۆڵەتەکانی دەستگیرکردن لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و عێراق کە دەرچوونە، هەروەها پێویستە ئەوە روون بێت کە ئەو تێبینیانەی راپۆرتی ناوبراو ئاماژەی پێداون لە کاتی لێکۆڵینەوەكان خراونەتەروو و لە قۆناغی دادگاییکردندا پشتڕاستکراونەتەوە، و هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری رۆژنامەوانی و چالاکوانی تۆمەتبارەکان نەبووە. پەڕاوی لێکۆڵینەوەکان بە پڕۆسەیەکی شەفافی دادوەریدا رۆیشتوون. هەندێک لەو تۆمەتبارانەی لە ساڵی 2021 حوکمدران، ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی (2003)یان بەسەر ساغبۆوە، چونکە خۆیان لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و قۆناغی دادگاییکردندا بە ئاشکرا دانیان بە تاوانەکەیانداناوە. لە رێککەوتی 21-2-2022، سزاکەیان بە رێژەی %60 کەمکرایەوە، ئەوەش دوای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە هەندێک بابەت کە هەستیاران به دابونەریتی کۆمەڵایەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستنی هاوسەنگی نێوان یاسایە نیشتیمانییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. لە هەرێمی کوردستان رێز لە ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان دەگیرێت. هەرچۆنێک بێت، ئەم پرسانەی کە هەستیاران بە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و لە راپۆرتی هیومان ڕایتس ووەتچ هاتوون، پێچەوانەی یاسا بەرکارە نیشتیمانییەکانە و حوکمەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و سەپاندنی یاسا.
سەبارەت بە پێکدادان و بۆردومانە سنوورییەکان، لەوەتەی دەستیان پێکردووە لێکەوتە مرۆییەکان لە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت، و شەهیدکردنی خەڵکی مەدەنی بێتاوان رهنگیان داوەتەوە. دەربارەی دواین بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان هەروەک لە راپۆرتەکەی هیومان رایتس ووەتچدا هاتووە، چەند لایەنێکی نێودەوڵەتی تر ساغیان کردووهتەوە کە پێشێلکاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و هەندێک لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانیان لێکەوتووهتەوە. وەک نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم، داتا و زانیاری پێویستمان بە لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان داوە و لەسەر هێڵین لەگەڵیان بۆ ئاشکراکردنی لێکەوتە مرۆییەکانی بۆردوومانەکان و بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەیان.
تەنها لە مانگى کانونى دووەم تاکو تەمموزى 2022، 17 هێرشى ئاسمانى و تۆپباران لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە ئەنجامدراون، کە 59 قوربانیان لێکەوتووهتەوە و 17 کەس گیانیان لەدەستداوە لە نێویشیاندا چوار منداڵ و ئافرەتێك هەبوون، بەدەر لە برینداربوونی 42ـی دیکە کە لەنێویاندا 14 منداڵ و 18 ئافرەت بوون. هێرشەکەی سەر سەیرانگای گوندی پەرخێ لە سنووری زاخۆ لە مانگی تەمموزی 2022، بووە هۆی کوژرانی 9 هاوڵاتی مەدەنی (5 پیاو و ژنێک و 3 کچ)، و برینداربوونی 30 کەس (3 پیاو، 11 ژن و 13 منداڵ کە 4یان کچ و 9یان کوڕ) بوون. لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا بەهۆی ململانێی نێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیا و پەکەکە، 28 گوند بە تەواوی چۆڵ کراون و زیاتر لە 80 هەزار دانیشتووی ئەو ناوچانەش ئاوارەبوونە. سەبارەت بە بۆردوومانکردنی کۆیە و زڕگوێز و پردێ لە مانگی ئەیلوولی 2022، 17 کوژراو و 46 بریندار کەوتووهتەوە، کە 20ـیان هاووڵاتی مەدەنی بوون. یەک لە کوژراوەکان کۆرپەی دایکێکی دووگیان بوو کە دوای نەشتەرگەری کردن مرد.
نووسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان چەند رێکارێکی ئامادەکردووە بۆ خێراکردنی پڕۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان (2021-2025)، کە نەخشەرێگایەکی گشتگیرە بۆ چەسپاندنی گۆڕانکاری یاسایی و ئیداری لە 27 بواری جیاجیای مافی مرۆڤ. لەناو رێکارەکاندا، جەخت لە بەرەوپێشچوونی مافی ئازادی ڕادەربڕین کراوەتەوە، لەرێی زیادکردنی خولی ڕاهێنانی دادوەری، سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە، هەمواکردنەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای دەستگەیشتن بە زانیاری، پێدانی زانیاری و روونکردنەوەی فەرمی لە کاتی داواکردنیان لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە، هتد. دواتر رێکاری تر بۆ بوارەکانی تر ئامادە دەکرێن و گشتاندنیان بۆ دەکرێت. جێی باسە کە حکومەتی هەرێم تا ئێستا لە کۆی ژمارەیەک ڕاسپاردە کە لە چوارچێوەی پانۆڕامای خولیی گشتگیر (UPR) ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، 179 دانەی جێبەجێکردووە و دامودەزگا فەرمییەکان بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسەکانی یو ئێن ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی ترن.