له‌دوای ساڵی 2003ـه‌وه ژاپۆن 9 ملیار دۆلار قه‌رزی داوه‌ته عێراق

K24 – هه‌ولێر:
وڵاتی ژاپۆن له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق چه‌ندین پرۆژه‌ی ستراتیژی ئه‌نجامداوه و قه‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش له‌وه‌تی ساڵی 2023ـه‌وه داویه‌ته عێراق گه‌یشتووه‌ته نۆ ملیار دۆلار.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (12ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، ماساموتو كینیچی، هه‌ڵسولێنه‌ری كاروباره‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن له عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وامده‌بێت له ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كان بۆ هاوكاریكردنی عێراق و ئێستاش سه‌رقاڵی كاركردنن له یه‌كێك له گه‌وره‌ترین پرۆژه‌كانیان له به‌سره.
كینیچی جه‌ختی له‌سه‌ر توندوتۆڵی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ژاپۆن له‌رووی بازرگانییه‌وه كرده‌وه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵه‌كانی حه‌فتای سه‌ده‌ی رابردوو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌دوای ساڵی 2003ـه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تۆكیۆ و به‌غدا زیاتر په‌ره‌ی پێداوه و چه‌ندین پرۆژه‌ی ئه‌نجامداوه و له‌رێگه‌ی پێدانی چه‌ندین قه‌رزه‌وه پشتیوانی له ژێرخانی ئابووری عێراق كردووه.
ئه‌و به‌رپرسه ژاپۆنییه له عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، قه‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتووه‌ته نۆ ملیار دۆلار و له سێكته‌ره‌كانی كاره‌با، نه‌وت و ئاو زۆرترین پرۆژه‌ی ئه‌نجامداوه.
هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه، په‌ره‌پێدانی پاڵاوگه‌ی به‌سره، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین پرۆژه‌كانی كه وڵاتی ژاپۆن له عێراق ئه‌نجامی ده‌دات كه تاوه‌كو ئێستا كاركردن تێیدا به‌رده‌وامه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، باسی له به‌رده‌وامی پرۆژه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه له عێراق به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق كه له داهاتوودا چه‌ندین پرۆژه‌ی دیكه له پلانی جێبه‌جێكردنیاندایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به جۆری پرۆژه‌كان و شوێنی ئه‌نجامدانیان بكات.
وڵاتی ژاپۆن له رێگه‌ی رێكخراوی جایكاوه، ده‌یان پڕۆژه‌ی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق ئه‌نجامداوه له‌وه‌تی ساڵی 2003ه‌وه، كه به‌شێك له پڕۆژه‌كان به‌شێوه‌ی به‌خشین بووه بۆ پشتیوانی له حكومه‌تی نوێی عێراق له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام و به‌شێكی دیكه‌ش له‌ڕێگه‌ی قه‌رزی درێژخایه‌نه‌وه بووه.