دکتۆر عەلی قەرەداغی: وەرگرتنی دیاری لەلایەن پزیشکانەوە لە کۆمپانیاکانی دەرمان بەرتیلە و حەرامە

عەلی قەرەداغی
عەلی قەرەداغی

K24 - هەولێر:

دکتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان پزیشکان و کۆمپانیاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان بۆ ساغکردنەوەی دەرمان حەرامە.

ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک چەند فەتوایەك دەربارەی دەرمانی پزیشكیی و ئەو پرسانەی پەیوەندیان پێیەوە هەیە راگەیاند، لەنێویاندا وەرگرتنی دیاری لەلایەن پزیشکانەوە لە کۆمپانیاکانی دەرمان بەرتیلە و حەرامە.

دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەوەشی خستەڕوو، پێدانی دەرمانی ساختە بە نەخۆش حەرامە و لە شەرعدا ئەگەر ببێتە هۆی مردنی نەخۆش خوێنبایی دەکەوێتە ئەستۆ.

بە گوێرەی فەتوایەکی ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان، رێککەوتنی نێوان پزیشکان و کۆمپانیاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان بۆ ساغکردنەوەی دەرمان حەرامە.

دکتۆر عەلی قەرەداغی راشیگەیاند، توندترین و گەورەترین پلەی حەrامی بریتییە لە رێککەوتن لەسەر رەواجدان لەسەر دەرمانی خراپ و ساختە و لەکارکەوتوو.

سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە قیست، دکتۆر حەلی قەرەداغی باسی لەوەکرد، ئاساییە دەرمان بە قیست کڕین و فرۆشتنی پێبکرێت بە مەرجێک بە قازانجی ئاسایی و ماوەی دانەوەی قیستەکە دیاریکراوبێت.

ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان بە پێویستی دەزانێت هاوردەکردنی دەرمان لەژێر چاودێری تەندروستی حکومەتدا بێت و گوتیشی "قاچاغیکردن بە دەرمانەوە لە گوناهە گەورەکانە".