پارێزگاری سلێمانی وەڵامی داواکارییەکانی دانیشتووانی پێنجوێن دەداتەوە

هەڤاڵ ئەبوبەکر
هەڤاڵ ئەبوبەکر

K24 - هەولێر:

دوای نزیکەی پێنج رۆژ لە خۆپیشاندانی دانیشتوانی قەزای پێنجوێن، ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وەڵامی داواکارییەکانی دانەوە.

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بە بڕیاری وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و، دوای هەوڵدانی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی و قائمقامیەتی قەزای پێنجوێن و پارێزگاری سلێمانی بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە، لە ئەمڕۆوە کارەبای قەزاکە چاکدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بە پشتیوانیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاووڵاتیان سیستمی زیرەک بۆ زامنکردنی کارەبای هاووڵاتیان دادەنرێت.

سەبارەت بە جیاکردنەوەی پشکی کارەبای پێنجوێن، هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند، لەسەر داوای خەڵکی پێنجوێن پشکی کارەبای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە ئەمڕۆوە لە پشکی کارەبای پێنجوێن جیادەکرێتەوە.

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی دانیشتوانی قەزای پینجوێن، دابەشکردنی نەوتی سپی بوو، کە پارێزگاری سلێمانی لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، وەک پارێزگای سلێمانی، لە ئاستی حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دابینکردنی نەوت بۆ هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی.