فۆڕمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور کارا کرا
K24 – هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق لینکی فۆڕمی دامەزراندنی لە پاسەوانی سنووری کارا کرد و ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە پاسەوانی سنووری دابمەزرێن دەتوانن بە ئۆنلاین فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.
کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور بە کوردستان24ی راگەیاند، لە کاتژمێر 12ی شەوی رابردووەوە فۆڕمی دامەزراندن کارا کراوە و تا 18ی مانگ کارا دەبێت.
گوتیشی: "ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 17 ساڵ بەسەرەوەیە دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن، پڕکردنەوەی فۆڕمەکە زۆر سادەیە، بەڵام نابێت بە هەڵە پڕ بکرێتەوە و دەبێ بە زمانی عەرەبی پڕ بکرێتەوە، لە فۆڕمەکەدا دەرچووی سەرەتایی و دواناوەندی دیاریکراوە، بەڵام ئەگەر کەسێک بڕوانامەی زیاتریشی هەبێت با هەر دواناوەندی پڕ بکاتەوە.
روونیشکردەوە، لە فۆڕمەکەدا داوای دوو ژمارە تەلەفۆن دەکات، دەبێ هەر ژمارەیەک هەر دابنرێت، هەروەها کۆدێت دەدات ئەگەر سەرکەوتوو بوو دەبێ کۆدەکە لای خۆت بپارێزیت، ئەگەر نەیدا جارێکی دیکە دووبارە بکەیتەوە.
پێشتر کاروان خۆشناو بە کوردستان24ی گوتبوو، تەواوی ئەو سێ هەزار کەسەی لە ریزەکانی هێزی پاسەوانی سنووردا دادەمەزرێن، کوردن و هیچ کەسێک پارە بە پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن نەدات، چونکە بەشێوەی ئۆنلاین پڕدەکرێتەوە.