سوید: رەنگە بەرزبوونەوەی نرخی وزە وەبەرهێنان لە ئەوروپا دوور بخاتەوە

ئولف کریستێرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید - فۆتۆ: AA
ئولف کریستێرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی سوید رایگەیاند، ئەوروپا بە تەواوی نەگەیشتووەتە توانای ئابووری خۆی، وەبەرهێنانی زۆر کەمتری لە توێژینەوە و گەشەپێدان کردووە بە بەراورد بە ئەمەریکا یان چین "رەنگە بەرزبوونەوەی نرخی وزە، وەبەرهێنان لە ئەوروپا دوور بخاتەوە".

ئولف کریستێرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپا کە لە شاری سترازبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی کە لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە سەرۆکایەتی ئەم قۆناغەی یەکێتیی ئەوروپای وەرگرتووە بریتییە لە، فەراهەمکردنی متمانە و ئازادی زیاتر بۆ ئەوروپا و گوتی: "خاڵی دەستپێک و کاری لە پێشینەی هەمووان ئۆکراینایە و پێویستە بەو شێوەیش بێت، هیچ شتێکی دیکە هێندەی ئەوە گرنگ نییە".

سەرۆکوەزیرانی سوید، راشیگەیاند: "ئەرکمان بەردەوامیدانە بە پشتیوانیکردن لەو ئۆکراینیانەی دەجەنگن، ئەویش نەک تەنیا بۆ سەربەخۆیی خۆمان، بەڵکو لە هەمانکاتدا بۆ شێوازی ژیانێکی ئەوروپیشە".

باسیشی لە رۆڵی وڵاتەکەی کرد وەک سەرۆکی ئەم خولەی یەکێتیی ئەوروپا و رایگەیاند: "رۆڵمان وەک سەرۆکی ئەم خولە، بە واتای پێویستی بەردەوام دەستەبەرکردنی پشتیوانی ئابووری، سیاسیی، مرۆیی و سەربازیی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ ئۆکراینا. بۆ نموونە، پێویستە چاودێری پێشکەوتنی چاکسازییەکانی ئۆکراینا بکەین بەرەو ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا. لە هەمان کاتدا ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە پێویستە دەست بە کار بکەین لەسەر چارەسەرەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئۆکراینا و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی. لە دوای جەنگ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئۆکراینا لەگەڵ هەموو هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانماندا".

ئولف کریستێرسۆن، ئەوەشی خستەڕوو کە کارێکی دیکەی لە پێشینەی سوید بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تاوانکارییەکانە لەناو یەکێتیی ئەوروپا و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوبەشە لەبارەی کۆچ و گوتی: "ئابووری ئەوروپا گەورەیە، سەرەڕای ئەوەیش ناتوانین بە تەواوی بگەین بە توانا ئابوورییەکانمان، رەنگە بەرزبوونەوەی نرخی وزە، وەبەرهێنان لە ئەوروپا دوور بخاتەوە".