حکومەتی بورکینا فاسۆ بۆ هێزە فەرەنسییەکان: لەماوەی مانگێکدا وڵاتەکە بەجێبهێڵن

K24 - هەولێر:
حکومەتی بورکینا فاسۆ لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی هێزەکانی فەڕەنسای لەو وڵاتە کردووە، ئەو رێکەوتننەی بۆ مانەوەی فەڕەنسییەکان لەساڵی 2018 وە ئەنجامدرابوو بەفەرمی هەڵیوەشاندەوە و بڕیارەکەش کاردانەوەی لەسەر ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتیش لێکەوتەوە.
باس و خواسی دەرکردنی هێزەکانی فەڕەنسا لە وڵاتی بورکینا فاسۆی رۆژئاوای ئەفریقا گەرمە، حکومەتی کاتی بۆرکینا فاسۆ کە بە کودەتا لەمانی تشیرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەسەڵاتی گرتووتەدەست، فەرمانی بەهێز و راهێنەرە سەربازییە فەڕەنسییەکان کردووە لەماوەی مانگێکدا وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
لە ئێستادا هەزاران خۆپیشاندەر لە شاری ئواگادوگوی پایتەختی بورکینا فاسۆ هاتوونەتە سەر شەقامەکان و داوای دەرکردنی هێزەکانی فەڕەنسا و داخستنی بنکە سەربازییەکانیان لە وڵاتەکە دەکەن.
پاساوی حکومەتی بورکینا فاسۆ، لاوازی هەماهەنگی سوپای وڵاتەکە لەگەڵ هێزە فەڕەنسییەکان لە رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە و فەڕەنسا بە هاوبەشێکی لاواز ناودەبەن.
لەبەرانبەردا فەڕەنسییەکان بەگومانەوە لە داواکاریی بورکینا فاسۆ بۆ دەرکردنی هێزەکانیان دەڕوانن لەو وڵاتە و پێیناوایە، رووسیا لەپشت وەها داوایەکەوەیە، بەتایبەت پاش ئەوەی لە ساڵی رابردوودا حکومەتی مالی فەڕەنسییەکانی لە وڵاتەکەی دەرکرد و گرووپی ڤاگنەری رووسی هێنایە وڵاتەیەکەوە بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر.
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنساش بەفەرمی داوای روونکردنەوەی لە حکومەتی مالی کردووە سەبارەت بە داوای دەرکردنی هێزەکانی فەڕەنسا لە بۆرکینافاسۆ کە ژمارەیان 400 کەسە.