پۆڵەندا.. تارا عەبدوڵڵا بە دوو تابلۆ گەیشتە قۆناخی کۆتایی خەڵاتی هونەری گەنجانی کروپا
تارا عەبدوڵا، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە دوو تابلۆی هونەری لە پێشانگەی "ماڵی بێ ستوور"، لە قۆناخی کۆتایی خەڵاتی هونەری گەنجانی کروپا بۆ ساڵی 2026 لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەچوو، بەشدارە، خەڵاتێک کە لە ئەوروپا بۆ پشتگیریکردن و ناساندنی بەهرە هونەرییە گەنجەکان بەڕێوەدەچێت.
پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، تارا عەبدوڵڵا، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "دوو تابلۆکەی من بە ناونیشانی "هەوری" و "پاکێجی سوور"، هەردوو بەرهەمەکەم لە ساڵی 2025 بە رەنگی ئەکریلیک لەسەر کەنڤاس دروستکراون؛ تابلۆی "هەوری" بە قەبارەی 184 × 184 سانتیمەتر و "پاکێجی سوور"یش بە قەبارەی 214 × 184 سانتیمەترە. ئەم دوو کارە بەشێکن لە زنجیرەی بەردەوامی من بە ناونیشانی "لە دەرەوەی قاڵبە رەگەزییەکان"، تێیدا لە رۆڵی چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتی، کولتووری، نەریتی و ئایینییەکان لە پێکهێنانی شوناس و پێناسەکردنی رەگەز دەکۆڵمەوە."
تارا سەبارەت بە گرنگیی و نمایشکردنی دوو تابلۆکەی گوتی، "تابلۆی "هەوری" ناوی خۆی لە قوماشێکی نەریتیی کوردی وەرگرتووە و لە هەرێمی کوردستان زۆربەی ئەوانەی لەبەری دەکەن ژنن. من ئەم قوماشە وەک هێمایەکی کولتووری بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی پرسیاری ئەوە بخەمە ڕوو کە ژنایەتی چۆن پێناسە و کۆنترۆڵ دەکرێت. لە تابلۆکەدا هێماکانی دیکەش بەکارهاتوون وەکو، خۆر ئاماژەیە بۆ سنووردارکردنی هاتوچۆی ئافرەتان بە کاتی رۆژ، هەروەها نیشانەکانی بەندکردن لە ماڵەوە. ئەم هێمایانە پێکەوە بۆشاییەکی هونەری دروست دەکەن تێیدا کولتوور، سنووردارکردن، بێدەنگی و بەرەنگاری تێیدا تێکەڵ دەبن."
ئەو خانمە هونەرمەندە باسی لەوەش کرد، "لە بەرامبەردا، تابلۆی "پاکێجی سوور"، لێکۆڵینەوەکەی من دەباتە سەر پەیوەندیی کۆمەڵگە بە ژینگەوە. ئەو کارتۆنەی لە پاشبنەمای تابلۆکەدا کێشراوە، رەخنە لە هۆشیاریی ساختەی ژینگەیی و ئەو بیرۆکەیە دەگرێت کە ماددە جێگرەوەکان هەمیشە لەگەڵ ژینگەدا گونجاون. هەروەها، ئاماژەکانی ژمارە و کات باس لەوە دەکەن تێیدا ژنان چۆن بە پێی کات و چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەسەنگێنرێن و سنووردار دەکرێن."
سەبارەت بە تایبەتمەندیی تابلۆی "پاکێجی سوور"، تارا عەبدوڵڵا دەڵێت، "فیگەرێکی سوور لە ناوەڕاستی تابلۆکەدا دەبینرێت کە ڕەگەزی دیار نییە و ئاماژەیە بۆ لە قاڵبدانی تاک لە ناو کۆمەڵگەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا هێزێکی ناوەکی و توانای بەرەنگاربوونەوەی سڕینەوەی تێدا هەیە. هەروەها کەلێنێکی شین لە تابلۆکەدا بوونی هەیە وەک هێڵێکی مانەوە، خۆڕاگری، هیوا، رووناکی و گۆڕان لێکدەدرێتەوە."
تارا عەبدوڵڵا باس لە گرنگیی بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگەیە دەکات و روونیکردەوە، "خەڵاتی هونەری گەنجانی کروپا لە نێو 1690 داواکارییەوە لە 38 وڵاتی جیاوازەوە پێشکەش کرابوون، لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنی سەرەتاییەوە 145 بەشداربووی هەڵبژێردراون و دواتر لیژنەی دادوەران 32 هونەرمەندی بۆ قۆناخی کۆتایی هەڵبژاردووە و تێیدا من یەکێکم لەوانە."
ئەو خانمە هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم دامەزراوە هونەرییە سەربەخۆیە لەلایەن سیلڤیا و پیۆتر کروپا، کۆکەرەوەی بەرهەمە هونەرییەکان، لە شاری ڤرۆتسواف دامەزراوە و لە ساڵی 2023 گەلەرییەکەی لە گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە کرایەوە. دامەزراوەکە گرنگی بە پشتگیری و پەرەپێدانی هونەری هاوچەرخی ئەوروپای ناوەڕاست و رۆژهەڵات دەدات."
تارا عەبدوڵڵا باس لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "خەڵاتەکە هەر دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، یەکەم خولی لە ساڵی 2024 بۆ بواری وێنەکێشان تەرخان کرابوو، بەڵام لە خولی 2026دا سێ بوار دەگرێتەوە وەکو، وێنەکێشان، هونەری دیجیتاڵ، پەیکەرسازی و دامەزراندنی پێکهاتە هونەرییەکان. لەم خولەدا سێ خەڵاتی سەرەکی بە شێوەیەکی یەکسان پێشکەش دەکرێن و هەر یەکەیان 12 هەزار یۆرۆیە."
پێشانگەی "ماڵی بێ سنوور"، لەلایەن دامەزراوەی هونەری کروپا لە شاری ڤرۆتسواف لە پۆڵەندا، لە 7ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕووی سەردانکەراندا کرایەوە و تا 31ی کانوونی دووەمی 2027 بەردەوام دەبێت.
تارا عەبدوڵڵا، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە ساڵی 1996 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و لە ئێستادا لە نەرویج دەژی، وەک بەشدارێک لە پڕۆگرامی مانەوەی هونەری ڕێکخراوی "سەیفمیوس"، لە بواری وێنەکێشان، دامەزراندنی پێکهاتە هونەرییەکان و بە گشتی هونەری بینراودا کار دەکات. ناوبراو لە ساڵی 2020 پڕۆژەی "مێینە"ی ئەنجام داوە، کە تێیدا جلوبەرگی ژنانی کوردی کۆکردووەتەوە و لە شەقامەکانی سلێمانی خستوویەتییە بەر دیدی خەڵک، بە مەبەستی راکێشانی سەرنج بۆ دیاردەی توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگەدا. ئەم هونەرمەندە کوردە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین خەڵاتی هونەریی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە؛ لە ساڵی 2023 خەڵاتی هونەری بینراوی "ئەلپاین فێلۆشیپ"ی بردووەتەوە، لە 2024 بۆ بەرهەمی هونەری "In Between" خەڵاتی تایبەتی "Future Generation Art Prize"ی وەرگرتووە، ئەو بەرهەمە پێکهاتەیەکی هونەرییە کە ئەزموونی ژنانی کورد و ئۆکراینی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەروەها لە 2025 خەڵاتی "Prince Claus Seed Award"ی وەرگرتووە. لە ئێستادا گەلەری هونەری "زێد ئاڕ" نوێنەرایەتی تارا عەبدوڵا دەکات و بە هاوکاری ئەم گەلەرییە، بەرهەمەکانی لە شاری کراکۆڤ گەیەنراونەتە پێشانگەکە.