پێکدادانی ناوخۆیی لە عێراق روودەدات؟

دۆسیەی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق پێدەنێتە قۆناخێکی نوێی رووبەڕووبوونەوەی سیاسی و یاساییەوە, فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، هیچ پاساوێک بۆ رادەستنەکردنی چەکی گرووپەکان نەماوە، لەبەرامبەریشدا، کەتائیبی حزبوڵڵای عیراق پێیوایە، چەکی موقاوەمە پەیوەندیدارە بە بیروباوەڕیان و تادوا هەناسەش بەرگری لە ئێران دەکەن.

فایەق زێدان: هێزی بیانی نەماوە و دەبێت گرووپەکان چەکەکانیان رادەستبکەن.

لە میانی وتارێکیدا لە پەیمانگای "چاتەم هاوس"، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، چەندین پرسی هەستیاری ئەمنی، سیاسی و ئابووری خستەڕوو و جەختی لەسەر چارەسەرکردنی تەواوی قەیرانەکان لە رێگەی دەستوور و دیالۆگەوە کردەوە.
سەبارەت بە هەستیارترین دۆسیە، کە چەکی گرووپەکانە، فایەق زێدان رایگەیاند، پێشتر گرووپە چەکدارەکان چەکدانانیان بەستبووەوە بە بوونی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا، بەڵام، ئێستا هێزی بیانی رۆیشتوون و هیچ بیانوویەک نەماوە، بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە پابەندی بڕیاری رادەستکردنەوەی چەکەکانیان نەبن." ئەم پەیامەی زێدان، نیگەرانی زۆری لەلایەن گرووپەکانی موقاوەمە لێکەوتەوە و کەتائیبی حزبوڵڵاش هەردوای قسەکانی ئاماژەی بەوەدا، پابەندی بڕیارەکە نابن.

کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق: چەک رادەستناکەین و لە بەرگریکردن لە ئێران، لوبنان، یەمەن وفەلەستین بەردەوام دەبین

ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی حزبوڵڵا وەکو وەڵامێک بۆ قسەکانی فایەق زێدان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی،  فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ناتوانن پاشگەزمان بکەنەوە و لە بەرەنگاربوونەوە بەردەوام دەبین.
سەبارەت بە رادەستکردنی چەکەکانیان، ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا نووسیویەتی، چەکی مقاوەمە پرسێکی عەقیدەییە و بەهیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین، هەروەها تاوەکو دواهەناسەش بەرگری لە عێراق، ئێران، لوبنان، یەمەن و فەڵەستین دەکەین.

حزبوڵڵای عێراق: دەبێت سەرۆکوەزیران لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.

لەبەرامبەر هەوڵەکانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ داماڵینی چەکی گرووپەکان،  ئەبو موجاهید عەساف، داوای لە دەستەی دەستپاکی کرد لێکۆڵینەوە لە سامانی زەیدی  بکات،هاوکات حزبوڵڵای عێراقی هۆشدارییەکی توندی دایە سەرۆکوەزیران و بە بەرپرسیاری تەواوی زانی لە هەر هێرشێک بکرێتە سەر بارەگاکانی مقاوەمە و حەشدی شەعبی.

قاسم عەبوودی: مانگی شەشی ساڵی داهاتوو کۆتا وادەی کۆکردنەوەی چەکە لە دەستی دەوڵەتدا.

لای خۆیەوە قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، لە میانەی پانێڵێکدا لە چاتام هاوس لە لەندەن، رایگەیاند؛ عێراق کار بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکات و دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو یەکلا دەبێتەوە. عەبودی ئاشکراشیکرد، پێنج گرووپی چەکدار بەڵێننامەیان واژۆ کردووە و سێ گرووپیان بە تەواوی چەکەکانیان رادەست کردووە.

گووتیشی: بەهۆی پێگە جیۆسیاسییەکەی وەک سەرچاوەیەکی وزە، ئەمڕۆ عێراق بووەتە جێگەی بایەخی جیهان. ئەم بایەخە زیاتر دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا بگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، سەرۆکوەزیرانیش ئامانجییەتی ئەو بڕە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە.

لە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێگە نادەن گرووپە چەکدارەکان لە دەستبەسەرداگرتنی ماف و زەوی هاووڵاتییان بە ناوی "شەرعییەت"ـەوە بەردەوامبن. ئەم پەیامەی سەرۆکوەزیران لە وەڵامی راگەیێندراوێکی کەتائیبی "سەیدولشوهەدا" هات، کە تێیدا رەتیانکردبووەوە هیچ بەڵگەنامەیەکی چەکدانانیان واژۆکردبێت و دەستیان بەسەر زەوی و زاری هاووڵاتییاندا گرتبێت.