یەکێتی ئەوروپا داوادەکات دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی رووسیا پێکبهێنرێت

ئاڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا
ئاڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا

K24 – هه‌ولێر:

ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا داوادەکەن دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی بەرپرسانی رووسیا و بیلاڕووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا پێکبهێنرێت.

لە راگەیەندراوێکدا هاوبەشدا 100 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، رایانگه‌یاندووه‌، پێویستە بەرپرسانی رووسیا باجی کوشتن و برسیکردن و سەرمابوونی گەلی ئۆکرانیا بدەن و لەدادگایەکی تایبەتدا تاوانەکانیان لێکۆڵینەوە لێبکرێت.

ئەو 100 ئەندام پەرلەمانەی ئەوروپا باسیان لەوەشکردوو، پێویستە هەماهەنگی بکرێت لەنێوان نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێکهێنانی دادگای تایبەت بە تاوانەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.