ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی پارتی و گۆڕان خرایەڕوو

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پرسەکانی ئیداری و سیاسی و یاسایی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کردووە، هەروەها مەلەفەکانی هەڵبژاردن، دارایی، کاروباری حکومەت و مەلەفی بەغدا و ئاستەنگەکانی لەبەردەم دامەزراوەکانی حوکمڕانی گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
گوتیشی: "وەکو بزووتنەوەی گۆڕان، پێموایە بۆ رێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی و نیشاندانی مۆدێلێکی حوکمڕانی سەرکەوتووی لە عێراق، پێویستە ئاستەنگەکانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لاببرێن، بۆ ئەوەش پێویستە ئەو یاسایانەی رەهەندی یاسایی و نیشتمانی و سیاسییان هەیە بە دانوستان و سازان بێت لەنێوان هەموو لایەنەکان".
پشتیوان سادق، ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا گوتی: "هەڵبژاردنی بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەمان، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت تەواوی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆ ئەم مەبەستە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ هەموو هاوکاریی و ئاسانکارییەک، بۆ ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو لە مانگی 10ی ئەمساڵدا تێنەپەڕێت، ئامادەین لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە پەرلەمانی کوردستان هەمواری یاسا هەڵبژاردن بکەینەوە".
راشیگەیاند: "بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئەوەمان لێ دەخوازێت هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکان هەبێت بۆ خزمەتی زیاتری خەڵک بکەین".
سەبارەت بە دواخرانی کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتی، پشتیوان سادق گوتی: "تائێستا هیچ شتێکمان بەدەست نەگەیشتووە کە یەکێتی کۆبوونەوەکەی دواخستبێت".