یەکەم تیمی هاوکاری چین بەرەو تورکیا بەڕێکەوت
K24 - هەولێر:
چین بە مەبەستی پشتیوانی لە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیەی دوێنێ بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلە لە پارێزگای مەڕەش روویاندا و 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە، تیمی هاوکاری مەدەنی رەوانەی تورکیا کرد.
Global Times بڵاویکردەوە، تیمێکی هەشت کەسی سەر بە Ramunion کە دامەزراوەی گەڕان و رزگارکردنە لەگەڵ راداری رزگارکردن، ئامرازە کونکردن و بڕینی سەقفی داروپەردووی داڕووخاو و سەگێکی پۆلیسی بە تایبەت راهێندراو لە چینەوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، چاوەڕێ دەکرێت نیوەڕۆی سبەی تیمەکە کە خاوەن ئەزموونێکی زۆری گەڕان و رزگارکردنی نیشتمانی و نێودەوڵەتییە بگاتە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان.
لای خۆیەوە دینگ بۆکینگ جێگری سەرۆکی ئاژانسی، چین بۆ هەماهەنگی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (CIDCA رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لە رێگەی ئاژانسەکەوە بە بەهای 40 ملیۆن رنمینبی (پێنج ملیۆن و 800 هەزار دۆلار) هاوکاری مرۆیی بۆ تورکیا دابین دەکات.
مانگی سووری چینیش رایگەیاندووە، بە بەهای 200 هەزار دۆلار هاوکاری مرۆیی لەناکاو بۆ مانگی سووری تورکیا رەوانە دەکات.