ئه‌ردۆغان ئاماری نوێی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیای راگه‌یاند

دیمه‌نێكی دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ی توركیا و باكووری كوردستان
دیمه‌نێكی دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ی توركیا و باكووری كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا زیاتر له‌ 19 هه‌زار هاووڵاتی توركیا و باكووری كوردستان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ی دووشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زیاتر له‌ 77 هه‌زار هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (10ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئامارێكی نوێی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردووی توركیا و باكووری كوردستانی راگه‌یاند و گوتی، تا ئێستا 19 هه‌زار و 388 هاووڵاتی توركیا و باكووری كوردستان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 77 هه‌زار و 711 هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن.

له‌باره‌ی هاوكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ش، ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، "كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكار و هاوخه‌ممانن". له‌باره‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانیشه‌وه‌، سه‌رۆك كۆماری توركیا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، له‌ماوه‌ی ساڵێكدا "ئه‌و ناوچانه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌وه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌".  

به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌، (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ گوڕی 7.8 پله‌ به‌ پێوه‌ری رێخته‌ر، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانی دیاربه‌كر، مه‌ڕه‌ش، ئادیامان (سه‌مه‌سور)، دیلۆك، روحا، مه‌له‌تییا و كێلیس له‌ باكووری كوردستان و پارێزگاكانی هاتای، ئادانه‌، ئوسمانییه‌ و ئه‌سكه‌ندرۆن له‌ توركیا هه‌ژاند. چه‌قی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ پارێزگای مه‌ڕه‌شی باكووری كوردستان بوو، هه‌ر بۆیه‌ ژماره‌ی زۆرینه‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌و پارێزگایه‌ تۆماركراون. دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ چه‌ندین پاشله‌رزه‌ی دیكه‌ی به‌هێز به‌ پله‌كانی 5.8، 6.2 و 6.4  چه‌ندین پارێزگای ئه‌و وڵاته‌ هه‌ژاند.

 به‌رپرسانی توركیا ده‌ڵێن، تا ئێستا زیاتر له‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا له‌لایه‌ن تیمه‌كانی فریاگوزارییه‌وه‌ رزگاركراون و پڕۆسه‌ی گه‌ڕان و رزگاركردن به‌رده‌وامه‌.

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئێكجار زۆر كاریگه‌ری كرده‌ سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌كی سووریا و رۆژئاوای كوردستان و، ژماره‌ی قوربانیان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌‌ هیچی وای كه‌متر نه‌بوو له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ توركیا و باكووری كوردستان. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی سووریا، تا ئێستا هه‌زاران هاووڵاتی سووریا و رۆژئاوای كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زاران هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن. به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، تا ئێستا هه‌زاران هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی خانوو و باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا ماون. هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان داوای به‌هاناوه‌چوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆییان پێگه‌یشتووه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی هاوكارییه‌ مرۆوییه‌كانیشه‌وه‌ بۆ توركیا و باكووری كوردستان، رۆژی سێشه‌ممه‌ (7ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، فوئاد ئۆكتای، جێگری سه‌رۆككۆكاری توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا زیاتر له‌ 74 وڵات ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی توركیا و زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ ده‌ربڕیوه‌. سه‌رۆككۆماری توركیا ده‌ڵێت، هاوكارییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رز ده‌نرخێنن و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووان ده‌یكه‌ن.

تا ئێستا هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی هیندستان، ئیسرائیل، لوبنان، عێراق، هەرێمی کوردستان، میسر، کۆریای باشور، چین، یابان، رووسیا، تونس، ئیمارات، قەتەر، جەزائیر، ئوردن، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، یۆنان، سویسرا، چیک، نەمسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، رۆمانیا، کرواتیا، سڕبیا، مۆنتیگۆرۆ، ماڵدیف و ئاژانسی هاریکاری مانگی سوور، ئاژانسی هاریکاری خاچی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوكاری مرۆیی و كۆمه‌كیان پێشكه‌شی توركیا و باكووری كوردستان كردووه‌. و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وڵاتانی  لوبنان ، روسیا ، ئوردن ـ ئیمارات و جەزائیر هاوكاری مرۆیی و كۆمه‌كییان بۆ سووریا و رۆژئاوای كوردستان ناردووه‌.