زارا محەممەدی ئازاد کرا

K24 – هەولێر
زارا محەممەد مامۆستای زمانی کوردی، دوای زیاتر لە ساڵێک لە زیندان ئازادکرا.
زارا محەممەدی لە گرتووخانەی چاکسازی و پەروەردەی سنە زیندانی کرابوو، بەگوتەی خۆی ئێوارەی دوێنێ بەبێ ئاگاداربوونی خۆی و پارێزەرەکەی ئازادکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
دوای ئازادکردنی زارا محەممەدی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: "منیان بە شێوازێکی بەپەلە و بێ ئاگاداری پارێزەرەکەم لە بەندیخانە دەرکردووە".
دەشڵێت: "من پێشتر هەم خۆم بە بەندیخانەم راگەیاندبوو هەم لە رێگەی پارێزەکەمەوە بە دەستگای دادوەری رامگەیاندبوو کە بەهیچ شێوازێک داخوازی لێبوردن پێشکەش ناکەم و ئەم داخوازییەم قەبووڵ نییە، چونکە باوەڕم بە راستی رێگاکەم هەیە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا زارا محەممەدی دەڵێ: "من باوەڕم بە رێگە و بیرەکانم هەیە و تا کۆتایی ژیانم درێژەدەری بیر و رێگە و ئامانجەکەمم".
زارا محەمەدی لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕوانامەی کارناسی باڵای جیۆپۆڵەتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.
ئەو چالاکوانی مەدەنییە و ماوەی 10 ساڵە لە گوندەکانی دەوروبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە. پێش شەش ساڵ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین، دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو رێکخراوە، وەکو سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا.
ئەنجومەنی نۆژین یەکێکە لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگای سنە کە لە چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە: سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکە.