97 کەس بە تۆمەتی دزی و تاڵان لە ناوچەکانی بوومەلەرزە دەستگیرکران

ناوچەیەکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە دیاربەکر - فۆتۆ: هۆزان ئادار - کوردستان24
ناوچەیەکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە دیاربەکر - فۆتۆ: هۆزان ئادار - کوردستان24

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دزی و تاڵان لە ناوچەکانی بوومەلەرزە، 97 گومانلێکراو لە 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیرکران.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، لە میانی 232 لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دزی، تاڵانی و قۆڵبڕین له‌ ناوچه‌كانی بوومەلەرزە‌ 97 گومانلێکراو دەستگیرکران.

بەگوێرەی زانیارییەکان، داواکارانی گشتیی کۆماری تورکیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە رووداوەکانی دزی، تاڵانی، خراپ بەکارهێنانی متمانه‌ بۆ قۆڵبڕین و هەڵخەڵەتاندن لە رێگەی بەکارهێنانی سستەمەکانی پەیوەندیکردن لە دوای بوومەلەرزەکان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

داواکارانی گشتیی تورکیا لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە له‌ 232 دۆسێ دەستیان پێکردووە،97 گومانلێکراویان لە 11 پارێزگا دەستگیردووە و 22 گومانلێکراویش به‌ مه‌رج ئازادكراون.