پۆلیسی ئەمەریکا: تەقەکەرێک لەناو زانکۆیەکدا سێ کەس دەکوژێت
K24 - هەولێر:
پۆلیسی زانکۆی ویلایەتی میشیگان لە باکووری ئەمەریکا رایگەیاند، چەکدارێك لەناو زانکۆ تەقەی لە چەند کەسێک کردووە.
پۆلیسی زانکۆ لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە زانکۆیەکی شاری لانسینگ کەسێک بە چەکەوە هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی و سێ کەسی کوشتووە و چەند کەسێکی بریندار کردووە.
بە گوێرەی دوایین زانیاری، تەقەکەرەکە سێ کەسی کوشتووە و پێنج کەسی دیکەشی بریندار کردووە.
ئەوەش خرایەڕوو، کە دەستبەجێ یەکەکانی پۆلیس دەستوەردانیان کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە "تۆمەتبارەکە لەناو زانکۆیە و بەپێ دەڕوات"، پۆلیس داوای لە هەموو ئەوانە کردووە کە لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپی زانکۆکەن، خۆیان بشارنەوە.
پۆلیس گوتیشی: هێشتا لەبارەی تەقەکەرێکەوە پەیوەندیمان پێوە دەکرێت.
لای خۆیەوە، گرێچن ویتمر، حاکمی ویلایەتی میشیگان، لە تویتەر نووسیویەتی "پۆلیسی ویلایەتی میشیگان، پۆلیسی زانکۆ، جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی و خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان لە شوێنی تەقەکردنەکەدان".