جارید کوشنەر: کار بۆ گفتوگۆی راستەوخۆی ئەوروپا و رووسیا دەکەین

راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا پابەندبوونی واشنتن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام دووپات کردەوە و رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ رووسیا، ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپا کار دەکەن بۆ ئاسانکاریکردنی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و ئەوروپا و ئامادەکردنی کارنامەی کۆبوونەوەیەکی فرەلایەنە لە داهاتوویەکی نزیکدا.

دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، جارید کوشنەر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاشکرای کرد؛ بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا قسەیان کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست هاتوون و هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی.

هاوکات پەیوەندییەکی بەرهەمداریان لەگەڵ لایەنی ئۆکرانی و هاوبەشە ئەوروپییەکان، لەوانە راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، پۆڵەندا و ئیتاڵیا و نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ ئەنجام داوە.

نێردەکەی ئەمەریکا روونی کردەوە، لە گفتوگۆکاندا سەرنجیان خستووەتە سەر چۆنییەتیی ئاسانکاریکردن بۆ پەیوەندی و دیالۆگی راستەوخۆی نێوان ئەوروپا و رووسیا کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا تا رادەیەکی زۆر بوونی نەبووە، چونکە گرنگە هەردوولا راستەوخۆ گوێ لە نیگەرانی و پێشنیازەکانی یەکتر بگرن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر.

هەروەها دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی کارنامەی کۆبوونەوەی فرەلایەنەی داهاتوو بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ببەسترێت، کە تێیدا تەوەرەی سەرەکی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە چۆن کۆتایی بەم جەنگە ترسناکە بهێنرێت و رێکخستنی ئەمنیی دوای جەنگ بە شێوازێک دابڕێژرێت کە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی داهاتوو کەم بکاتەوە.

کۆشنەر جەختی کردەوە، هاوپەیمانیی ناتۆ وەک کۆڵەکەیەکی چارەنووسساز بۆ ئاسایشی ئەوروپا دەمێنێتەوە و ئامانجی ئەمەریکا بریتییە لە بەهێزکردنی پابەندییە ئەمنییەکان، شەفافیەت و میکانیزمەکانی کەمکردنەوەی گرژی لەسەر بناغەی دامەزراوە و رێککەوتنەکانی ئێستای ئەوروپا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جارید کوشنەر ئاماژەی بەوە دا کە کاتێک لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف پێش ساڵێک دەستیان بەم کارە کرد، ئامانجی کۆتاییان بۆ ئۆکرانیا ئەوە بوو ببێتە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، پارێزراو و ئاوەدان کە ئازاد بێت لە دیاریکردنی داهاتووی خۆی؛ لەو چوارچێوەیەشدا بە هاوبەشی لەگەڵ کیێڤ و ئەوروپا پێشکەوتنی بەرچاویان لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی تۆمار کردووە؛ یەکەمیان گەرەنتیی ئەمنیی بەهێز و باوەڕپێکراوە بۆ پاراستنی ئۆکرانیا لە هەر دەستدرێژییەکی داهاتوو، دووەمیان دیاریکردنی رێڕەوێکە بەرەو ئەندامێتیی یەکێتیی ئەوروپا تا داهاتووی درێژخایەنی ئۆکرانیا لە ئەوروپادا جێگیر ببێت، و سێیەمیش پلانێکی گشتگیری ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووریی دوای جەنگە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان و بانکی نێودەوڵەتی ئامادە دەکرێت.

کۆشنەر گوتیشی: ئەم سێ فاکتەرە هێز، ئاسایش، ئازادی و متمانەی تەواو دەبەخشنە ئۆکرانیا تاوەکو بتوانێت لەسەر پرسە سەختە ماوەکان دانوستان لەگەڵ رووسیا بکات. هاوکات جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێکی کۆتایی دەبێت هەردوو لایەنی رووسیا و ئۆکرانیا لەسەری رازی بن، و سەرەڕای ئەوەی لە میدیاکاندا باس لە ناکۆکییەکان دەکرێت، بەڵام لە گفتوگۆ جددییەکانی پشت دەرگا داخراوەکاندا بیرۆکەی ئەرێنی و بنیاتنەر سەرهەڵدەدەن بۆ کەمکردنەوەی بۆشاییەکان و چارەسەرکردنی ئەم ململانێیە.