نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی توركیا و باكووری كوردستان ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان ده‌كات. 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (14ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان ده‌كات.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌، (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ گوڕی 7.8 پله‌ به‌ پێوه‌ری رێخته‌ر، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانی دیاربه‌كر، مه‌ڕه‌ش، ئادیامان (سه‌مه‌سور)، دیلۆك، روحا، مه‌له‌تییا و كێلیس له‌ باكووری كوردستان و پارێزگاكانی هاتای، ئادانه‌، ئوسمانییه‌ و ئه‌سكه‌ندرۆن له‌ توركیا هه‌ژاند. چه‌قی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ پارێزگای مه‌ڕه‌شی باكووری كوردستان بوو، هه‌ر بۆیه‌ ژماره‌ی زۆرینه‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌و پارێزگایه‌ تۆماركراون. دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ چه‌ندین پاشله‌رزه‌ی دیكه‌ی به‌هێز به‌ پله‌كانی 5.8، 6.2 و 6.4  چه‌ندین پارێزگای ئه‌و وڵاته‌یان هه‌ژاند.

به‌رپرسانی توركیا ده‌ڵێن، تا ئێستا ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا له‌لایه‌ن تیمه‌كانی فریاگوزارییه‌وه‌ رزگاركراون و پڕۆسه‌ی گه‌ڕان و رزگاركردن به‌رده‌وامه‌.

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئێكجار زۆر كاریگه‌ری كرده‌ سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌كی سووریا و رۆژئاوای كوردستان و، ژماره‌ی قوربانیان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌‌ هیچی وای كه‌متر نه‌بوو له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ توركیا و باكووری كوردستان. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی سووریا، تا ئێستا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ده‌یان هه‌زاران هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن. به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، تا ئێستا هه‌زاران هاووڵاتی له‌ژێر داروپه‌ردووی خانوو و باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا ماون. 

هه‌ر له‌باره‌ی هاوكارییه‌ مرۆوییه‌كانیشه‌وه‌ بۆ توركیا و باكووری كوردستان، رۆژی سێشه‌ممه‌ (7ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، فوئاد ئۆكتای، جێگری سه‌رۆككۆكاری توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا زیاتر له‌ 74 وڵات ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی توركیا و زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ ده‌ربڕیوه‌. سه‌رۆككۆماری توركیا ده‌ڵێت، هاوكارییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رز ده‌نرخێنن و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووان ده‌یكه‌ن.