د. نەرمین مەعروف: لەمڕۆوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە
K24 - هەولێر:
د. نەرمین مەعروف غفور، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لەدوای وەرگرتنی رەزامەندی بانکی ناوەندی بەفرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران بۆ دەرەوەی وڵات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێر، لەئەمڕۆوە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەتوانن 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بکڕن.
د. نەرمین مەعروف غفور گوتیشی: ئەمڕۆ رێکارەکانی فرۆشتنی دۆلار لە فرۆکەخانەی سلێمانی تەواوکرا و گەشتیارانی ئەتوانن لەرێگەی لقی سلێمانی RTی بانکەوە بەپێی مەرجەکانی بانکی ناوەندی تا بڕی حەوت هەزار دۆلار بەنرخی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک سوودمەندبن لەم کارئاسانییە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارە جگە لە هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش جێبەجێدەکرێت.
بڕیاری فڕۆشتنی یەک دۆلار بە 1320 دینار لە فڕۆکەخانەکان، دوێنێ لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێبەجێکرا و ئەمڕۆش لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 152 هەزار دیناری عێراقی.