زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت بازاڕی جیهانی بەرەو هاوسەنگی دەبات
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشبینیدەکات بازاڕی نەوتی جیهانی لە چارەکی کۆتایی ئەم ساڵدا جارێکی دیکە تووشی زیادەبوونی خستنەڕوو ببێتەوە. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە هەناردەی نەوتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر لە گەشەی خواست لەسەر ئاستی جیهان لە گەشەکردندایە، سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسەکە لە راپۆرتە مانگانەکەیدا وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەو بڕە نەوتە خستەڕوو کە لە پرۆسەیەکی کێشانەوە لە کۆگاکانی فریاگوزاریی وڵاتانی ئەندام دابین دەکرێت، کە لە ئاداری رابردوودا بەڵێنی لەسەر درابوو. راپۆرتەکە رایگەیاندووە، تا کۆتایی شوباتی داهاتوو 71 ملیۆن بەرمیل نەوت ئامادە دەبێت، کە 15 ملیۆن بەرمیلیان دیزلە، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کەمیی خستنەڕوو لە بازاڕەکاندا.
بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، تێکڕای خستنەڕووی نەوت لە چارەکی چوارەمدا دەگاتە 105 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە 1.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەو خواستەی پێشبینی دەکرا زیاترە. ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسەکە پێشتر پێشبینیی کەمیی خستنەڕووی بۆ هەمان قۆناخ کردبوو.
ئاژانسەکە لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا رایگەیاند، بازاڕی نەوت نیشانەی سەرەتایی بۆ گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی پیشان دەدات، چونکە بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکردنی جەنگ، خستنەڕووی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە خواست زیاتر بووە. هاوکات ئاژانسەکە باسی بەرزبوونەوەی خستنەڕوو لە دەرەوەی ئۆپێک پڵەس و زیادبوونی بەرهەمهێنانی ئەو هاوپەیمانییە کردووە.
پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا، کەنەدا، بەرازیل، ئەرژەنتین و گویانا ئەم ساڵ 1.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات. ئاژانسەکە روونیکردەوە، پێشبینیدەکرێت خستنەڕووی جیهانی لە ساڵی 2027 بە بڕی 6.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات و بگاتە 108.1 ملیۆن بەرمیل، کە 5.3 ملیۆن بەرمیلی ئەم زیادبوونە لە بەرهەمهێنانی وڵاتانی کەنداو دەبێت.
لە راپۆرتی مانگی رابردوودا، ئاژانسەکە پێشبینی کردبوو کە خستنەڕوو لە ساڵی 2027 بە بڕی 3.94 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە خواست زیاتر بێت، بەڵام لەم راپۆرتە نوێیەدا پێشبینییەکەی بۆ 3.8 ملیۆن بەرمیل کەم کردووەتەوە.
ئەم راپۆرتە دوای چەندین ئاماژە دێت لەسەر گەشەکردنی هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو، کە لەدوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە تووشی کێشە ببوو. هەناردەکردنەکە لە رێگەی بەکارهێنانی چارەسەری جێگرەوە وەک پەڕینەوەی نهێنی بە گەرووی هورمز ئەنجامدراوە، کە تێیدا کەشتییە نەوت هەڵگرەکان سیستمای دیاریکردنی شوێن دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشەکان بەدوور بگرن.
چوارشەممەی رابردوو، رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) رایگەیاند، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، کە لەگەڵ وڵاتانی دیکە وەک رووسیا پێکدێن، لە تشرینی یەکەمدا 41.23 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە. ئەم بڕە بەراورد بە ئەیلوول 2.04 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و یەکسانە بە 97%ـی قەبارەی بەرهەمهێنان پێش دەستپێکردنی جەنگ.
لە لایەکی دیکەوە، شیکەرەوان پێشبینیی گەڕانەوەی زیادەی خستنەڕوویان کردووە سەرەڕای ئەوەی هێشتا هیچ چارەسەرێک بۆ جەنگ نەدۆزراوەتەوە و هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە کەنداو بەردەوامن. هەفتەی رابردوو بانکی جەی پی مۆرگان پێشبینی کرد کە زیادەی نەوتی جیهانی لە تشرینی یەکەمدا گەیشتبێتە 1.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.