پەیامنێرێکی کوردستان24 خەڵاتی سەرکردایەتی لاوانی جیهان وەردەگرێت

K24 - هەولێر

لیژنەیەکی نێوەوڵەتی لە گەنجانی پەرلەمانی جیهانی پاش چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن، بڕیاریاندا بە هەڵبژاردنی پەیامنێری کوردستان24 بارزان حسن لە برۆکسل، چونکە رۆڵی کاریگەری هەبوو بۆ گەیاندنی هاوکاری خێرا لە ئەوروپاوە بۆ تورکیا و سووریا.

بڕیارە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکە لە رۆژی 18ی ئازاری مانگی داهاتوو لە دوبەی بەڕێوەبچێت و بە بەشداری 150 گەنجی کاریگەر لە جیهاندا.

خەڵاتی لوتکەی سەرکردایەتی لاوانی جیهانی بۆ ساڵی 2023 لەمانگی داهاتوو لە ئیمارات دەبەخشرێت. لەلایەن لیژنەیەکی نێودەوڵەتییەوە خەڵاتەکە دەدرێت بەو کەسانەی کە بەشداری کاریگەریان هەیە لە وڵات و کۆمەڵگاکانی خۆیان و لە جیهاندا ل ەرووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.

لوتکەی سەرکردایەتی لاوانی جیهان ئامانجیەتی گەنجانی بەتوانا و داهێنەر و ئاشتیخوازو چالاکوان لە سەرانسەری جیهاندا لە یەک مەکۆدا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەزموون و زانیاری لەسەر پرسە جیهانییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن.

پەیامنێری کوردستان24 بارزان حسن لە برۆکسل وەکو رۆژنامەنوس زیاتر لە پێنج ساڵە لە ناو دام و دەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ کاردەکات. لەسەر دۆزی کورد لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان بەردەوام پرسیاری ئاراستەی بەرپرسانی باڵای ئەوروپا کردووە. 

.