ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و سهرۆكى ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا راگەیەندرا
K24 - هەولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، لەگەڵ ژیرار لارشێ سهرۆكى ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا (سێنات) کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال کرا لەسەر بنەمای دەستوور.
لەو دیدارەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا، بەڕێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد، بەتایبەتی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
وێڕای سوپاسکردنی حکومەت و گەلی فەرەنسا بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی کوردستان، سەرۆکی حکومەت، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ئەوەش خرایەڕوو، گرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەری شنگال و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.