نۆیەم راپۆرتی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەبارەی هاوکاریکردنی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە تورکیا و سووریا
دەزگاکە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێوەتی دابەشکردووە
K24 - هەولێر:
تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە رۆژانی سەرەتای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ناوچەکە، هەر زوو دەستی هاوکارییان گەیشتە باکووری کوردستان و تورکیا، هەروەها یەکەمین دەزگای خێرخوازی بوو لە جیهان کە هاوکارییەکانی گەیاندە عەفرین.
بە گوێرەی نۆیەم راپۆرتی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەو دەزگایە هاوکارییەکانی لە 10 بەشی جیاواز پێشکەش دەکات و لەهەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا دابەشکردن بەردەوامە.
لە راپۆرتکەدا هاتووە، تا ئێستا جگە لە (سۆپا، بەتانی، خۆراکی خێرا، هاوکاری پزیشکی، جلوبەرگ، شیری منداڵان، سێتی ئاوی خواردنەوە، ئامێری بیناسازی و خۆراکی وشک)، دەزگاکە 27 هەزار و 900 ژەمی ئامادەکراو و دوو هەزار و 537 خێوەتی دابەشکردووە.
رۆژی 6ـی شوباتی 2022، دوای چەند کاتژمێرێک لە روودانی بوومەلەرزەکە، لەژێر رێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی، تیمەکانی رزگارکردنی دامەزراوەکە و کاروانەکانی فریاگوزاری بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان بەرەو تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێکەوتن، دواتریش چوونە سووریا و رۆژئاوای کوردستان.