محهممهد مهولود یاقوت: پێزانینمان بۆ هاوكارییهكانی حكومهت و خهڵكی ههرێمی كوردستان ههیه و لهبیری ناكهین
"له داهاتوودا زیاتر پهره به كاره هاوبهشهكانمان لهگهڵ حكومهتی ههرێم دهدهین"

K24 - ههولێر:
كونسوڵی گشتی توركیا له ههرێمی كوردستان له هەڤپەیڤینێكی تایبهتدا لهگهڵ كوردستان24 كه یهكهمجاره بۆ میدیایهكی كوردی قسهدهكات، باسی له كارهساتی بوومهلهرزهكهی 6ـی شوبات دهكات كه زیانێكی زۆری به ناوچهكانی باكووری كوردستان و توركیا گهیاند و ستایشی رۆڵی حكومهت و خهڵكی ههرێمی كوردستان دهكات بۆ هاوكاریكردن و بههاناوهچوونی لێقهوماوان.
محهممهد مهولود یاقوت، كونسوڵی گشتی توركیا له ههرێمی كوردستان، سهبارهت به زیانهكانی بوومهلهرزهكه رایگهیاند، زیاتر له 19 ههزار باڵهخانه له 10 پارێزگای توركیا رووخاون و زیاتر له 50 ههزار باڵهخانهش زیانیان پێكهوتووه، كه له ناوچهكانی بوومهلهرزهكه زیاتر له 13 ملیۆن و 500 ههزار كهس نیشتهجێن.
ههروهها كونسوڵی گشتی توركیا له ههرێمی كوردستان روونیكردهوه، وڵاتهكهی دهكهوێته سهر هێلی بوومهلهرزه و پێشتریش رووداوی هاوشێوه روویداوه بۆیه له ئهگهرهكانی ئهو كارهساته سرووشتییهیان كۆڵیوهتهوه و راشیگهیاند، ئێستا بهدواداچوون دهكرێت و لێپرسینهوهش دهكرێت له ههر ههڵهیهك لهڕووی ئهندازهییهوه كه كرابێت و دووپاتیشكردهوه چهند كهسێك دهستگیركراون و جهختیشی لهسهر دادگاییكردن و بهسزاگهیاندنی ههموو ئهو كهسانهش كردهوه ئهگهر دوای لێكۆڵینهوهكان كهمتهرخهمییان لهسهر بچهسپێت.
سهبارهت به هاوكارییهكان و چوونی تیمی فریاگوزاری ههرێمی كوردستان بۆ ناوچهكانی بوومهلهرزهكه، کونسوڵی گشتی تورکیا لە ههرێمی كوردستان ئاماژهی بهوهكرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای بوومەلەرزەكهوە هاوکاری وڵاتەکەیانی کردووە و هەرگیزیش هاوکارییەکانی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان لەبیرناکەن، روونیكردهوه، هاوکارییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و نوێژی بە کۆمەڵی مردوو بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە، لەلای ئەوان جێگەی پێزانینە و خەڵکی تورکیاش بە وەفان و هەرگیزی ئەمە لەبیرناکەن.
دهقی هەڤپەیڤینی کوردستان24 لەگەڵ کونسوڵی گشتی تورکیا له ههرێمی كوردستان:
کوردستان24: بەڕێز یاقوت زۆر سوپاس بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی.
محەممەد مەولود یاقوت: منیش زۆر سوپاسی کەناڵی کوردستان 24 دەکەم، زۆر بەخێر بێن و خۆشحاڵم کە پێشوازیتان لێدەکەم.
کوردستان24: سەرەتا بەهۆی ئەو کارەساتە گەورەیەی روویدا دەمەوێ پێتان بڵێم، کە هاوبەشی خەمەکانتانین، سەرەخۆشی لە هەموومان دەکەم. تورکیا، وڵاتێکی گەورەیە و لەو بڕوایەدام کە لە ماوەیەکی کورتدا دەست لەناودەست برینەکان ساڕێژدەبن، بەپێی ئامارەکانی ئافاد ئەو بوومەلەرزەیە گەورەترین کارەساتێکە کە سنووری جوگرافی ئەنادۆڵو لە دوو هەزار ساڵی دواییدا بەخۆیەوە بینیبێتی، بۆیە جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە ئێوە، لە کەسوکارتان و هەموو خەڵکی تورکیا دەکەم و خودا ئارامیتان پێبدات.
دەمەوێ لێرەوە دەستپێبکەم: تاوەکو ئێستا لەو هەرێمانەی بوومەلەرزە روویداوە ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران چەندن و زیانە ماددییەکان چین؟
محەممەد مەولود یاقوت: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ سەرەخۆشییەکەتان، لە راستیدا تورکیا بە کاتێکی زۆر زەحمەتدا تێدەپەڕێت، بوومەلەرزەکە بە کارەساتی سەدە ناوزەدکرا لە مێژووی کۆمارەکەماندا، دوو بوومەلەرزەی یەک لە دوای یەک روویاندا، یەکەمیان بە پلەی 7.7 و ئەوەی دیکەیان 7.6 لە دوو هێڵی جیاوازی بوومەلەرزە لە بەرواری 6ی شوبات لە شاری مەڕەش روویاندا، لە راستیدا بە بۆچوونی زانایان ئەوەی روویدا شتێکی دەگمەن بوو کە دوو بوومەلەرزەی گەورە لە کاتێکی کەمدا لە یەک ناوچە روویاندا.
بوومەلەرزەکە لە رووبەری 500 کیلۆمەتر روویدا، بەڵام کاریگەرییەکەی بۆ سەر 10 شار بوو، کە 13 ملیۆن و 500 هەزار کەسیان تێدا دەژی، بوومەلەرزەکە لە بەرەبەیانێکی زوو بوو و بەداخەوە ئەمە زیانەکانی زیاترکرد، هەروەها گەورەیی بوومەلەرزەکە لە عێراق، سووریا و لوبنان هەستی پێکراوە.
ئێستا بە داخەوە ژمارەی قوربانیان 36 هەزاری تێپەڕاندووە، کۆتا جار ساڵی 1939 لە ئەرزنجانیش بوومەلەرزەیەک روویدا و 33 هەزار هاووڵاتیمان بوونە قوربانی، بۆیە بەداخەوە ئێستا ژمارەی قوربانییەکان لە ژمارەی ئەو کات تێپەڕیوە، هەروەها نزیکەی 108 هەزار هاووڵاتیش برینداربوونە، هیوام وایە خوای گەورە مردووەکانمان ببەخشێت و شیفای بەپەلەی بریندارەکانیشمان بدا.
دەربارەی زیانی ماددیش لە 10 پارێزگا 19 هەزار باڵەخانە رووخاون، زیاتر لە 50 هەزار باڵەخانەش زیانێکی زۆر یان مامناوەندیان پێکەوتووە، هەروەها هاوڵاتیانمان ناتوانن بچنەوە ماڵەکانیان و تێیدا بژین، بەڵام بەڕێز سەرۆک کۆمارمان بەروارێکی دیاریکرد و گووتی: ئامانجمانە لە ماوەی ساڵێکدا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە درووست بکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەست بە کارەکان کراوە و وەزارەتی ژینگە و شارەوانی دەستیان بە لێگەڕان کردووە و بە مەبەستی بیناسازی بە دوای شوێنێکی گونجاودا دەگەڕێن لە ناوچەکە، هاوکات کارەکان بۆ دیارکردنی خەملاندنی زیانەکان بەردەوامن و لە رۆژانی داهاتوودا ئاماری زیانەکان دەردەکەوێت.
کوردستان24: بەڵێ، لەدوای بوومەلەرزەوە راستەوخۆ هەواڵی جۆر بە جۆر لە تیڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە، یەکێک لەو هەواڵانەی زۆر باسکرا ئەوەبوو کە دەگوترا، ئەم بوومەلەرزە لە دەرئەنجامی تاقیکردنەوەی چەکێک بە ناوی هارپ روویداوە! هیچ راستییەک بۆ ئەمە هەیە؟ یاخود بوومەلەرزەکە سرووشتی بوو، ئێوە هیچ بەدواداچوونێکتان لەمبارەیەوە کردووە؟
محەممەد مەولود یاقوت: تورکیا لەسەر هەرێمێکی چالاکیی بوومەلەرزە هەڵکەوتووە، سێ هێلی سەرەکی بوومەلەرزەی هەیە، کە دەکەونە رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای ئەنادۆڵو و پێوستە وڵاتێکی ئاشنابین بە بوومەلەرزە و ئەمەشیان بوومەلەرزەیەکی سرووشتی بوو، ئەمەش بەپێی بۆچوونی هاوبەشی زانایانی ئەو بوارە.
توانای تورکیا لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمیدا وڵاتێکی پێگەیشتووە، 12 ساڵ دەبێ ئێمە خاوەنی پرۆگرامی نیشتمانی لێکۆڵینەوەی بوومەلەرزەین و لەو چوارچێوەیەدا کار لەسەر بواری جیۆلۆجی، زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی ئەندازیاری دەکەین و دیسپلین و بەشەکانیان کۆدەکەینەوە، لێرەوە ئێمە گەیشتووین بەوەی کە نەخشەی مەترسیداری بوومەلەرزە هەیە و ئەمە لەساڵی 2019 ـەوە نوێ دەکرێتەوە.
وەک باسمکرد زانکۆکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە فەرمییەکانیش تێیدا بەشدارن و بەرهەمی ماندوبوونێکی زۆرە، ئەگەر سەیرێکی دواوەی ئەم پلانە بکەین، لە دوای ئەوەی کە بوومەلەرزە گەورەکەی مەرمەڕە لە ساڵی 1999 روویدا تورکیا زۆر گرنگییدا بە لێکۆڵینەوە لە بوومەلەرزەکان، ئەگەرەکانی بوومەلەرزە و دەرئەنجامەکانی خوێندنەوەیان بۆکراوە، بۆیە ئەم بوومەلەرزە سرووشتییە و ئەگەر خەمناکیش بێت بەداخەوە، کە بوومەلەرزە راستییەکە لە ژیانی ئێمەدا و پێویستە هەموو کاتێک بۆ ئەمە ئامادە بین.
کوردستان24: ئەگەر دەربارەی بیناسازی لە ناوچهكه پرسیارێک بکەم، ئەوەی دەیزانم تاوەکو ئێستا زیاتر لە 131 بەڵێندەر لێپرسینەوەیان لێکراوە، ئایا لە بیناسازیدا بەڕاستی ساختەکاری هەبووە؟
محەممەد مەولود یاقوت: وەکو ئاماژەتان پێدا ئێمەش لە میدیاوە چاودێری دەکەین و هەواڵی لێپرسینەوە تاوەکو دەستگیرکردنی هەندێک کەس بڵاوبوویەوە کە دەیانویست رابکەن، پێموایە لە سەرەتاوە پێویستە هەڵوەستە بکەین، کە تورکیا یاخود ئەو ناوچهیهی بوومەلەرزەکە لێیداوە لەسەر هێلێکی بەهێزی بوومەلەرزەیە و لەنزیکی هێلەکەش لە هەندێک ناوچەی ئاوی هەن، بەداخەوە ئەمەش قەبارەی زیانەکانی کارەساتەکەی زیاتر کردووە.
بهگوێرهی ئهوهش، وادیارە کە خزمەتی ئەندازیاری گونجاونەبووە و لەکاردا هەندێک هەڵە هەبوونە و تۆمارکراون، هەروەکو گوتم خەڵکانێک لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و هەشن کە دهستگیركراون، بەڵام چونکە بوومەلەرزەکە ماوهیهكی كهمه روویداوە، پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە و هەر هەڵەیەک هەبێ دەستنیشان دەکرێت و گومانیشمان نییە، کە ئەوانەی بەرپرسیارن لە دوای دادگاییکردنیان بە سزای خۆیان دەگەن.
کوردستان24: دەزانن هەر دوای بوومەلەرزەکە، حکومەتی ههرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازی بارزانی و خەڵکی مهدهنیش هاوکارییان کۆکردەوە و بۆ تورکیایان نارد، هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەمە چییە؟
محەممەد مەولود یاقوت: سەرەتا ئەمەیان کارێکە، کە مافی دراوسێیەتی ئەمە دەخوازێ، دراوسێکان لەو کاتە زەحمەتانەدا هاوکاری یەکتردەکەن، ئێمە لە تورکیدا دەڵێین:"رۆژێک دێ دراوسێ پێویستی بە خۆڵەمێشی دراوسێکەشی دەبێت"، لە کاتی تەنگانه دۆستە راستەقینەکان دەردەکەون، لە دوای ئەم بوومەلەرزەوە لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایە هاوکارییەکان بۆ تورکیا هاتن، لە تیمەکانی فریاکەوتن و رزگارکردن تادەگاتە تیمەکانی تەندروستی و هاوکارییە مرۆییەکانیش، زۆر وڵات هاوکارییان کردین.
هەروەها ئەوەی لە نێو ئەو خەمەدا دڵنەوایی کردین ئەوەبوو کە حکومەتی هەرێم یەکێک بوو لەوانەی کە هاوکارییان کردین و بەڕاستی ئەوە لای ئێمە جێگەی پێزانینە، خەڵکی ئێرە ئەمەیان وەکو ئەرکێکی مرۆیی بینی، حکومەتی هەرێم، دامەزراوە فەرمییەکان، پارێزگاکان، قایمقامیەتییهکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو کەسێک ریزیان بەست بۆ ئەوەی هاوکاری تورکیا بکەن.
دەمەوێت بەگرنگییەوە ئەوەش بڵێم کە لە تەواوی هەرێمدا رۆژی هەینی نوێژی غیابی بۆ ئهوانهی گیانیان لهدهستداوه ئهنجامدرا و ئەمە جێگەی پێزانینە، وەکو گوتم سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکەین، چونکە یەکێک بوون لەوانەی لەسەرەتادا هاوکارییان کردین و خەڵکی تورکیاش بەوەفایە و هیچ کاتێک ئەمە لەبیرناکات.
کوردستان24: هەروەها بەڕێز سەرۆک کۆماریش گووتی: بەڕێزەوە پێشوازی لەو هاوکارییانە دەکەین، بە بۆچوونی ئێوە لە دوای ئەو بوومەلەرزەیە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێم بەهێزتردەبن؟
محەممەد مەولود یاقوت: ئێمە وەکو هاوکاری حکومەتی هەرێم لە هاوکارییەکان دەڕوانین، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمیش سەردانی ئەو ناوچانەی کرد کە بوومەلەرزە لێیداوە و سەردانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی کرد و گوتەیەکی بەڕێزیان لەکاتی سەردانەکەیدا زۆر ماناداربوو کە گوتی: خەمەکانی ئێوە خەمی ئێمەن، بەڕێز بارزانی گوتی: هاوبەشی خەمەکانتانین و ئەمە جێی پێزانینه، ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەیوەندی راستەوخۆمان لە بوارەکانی گەشتوگوزار، پەروەردە ، تەندروستی، بازرگانی و ئەمنی هەیە و گفتوگۆ و کاری بەیەکەوەیی گرنگمان هەیە، لە داهاتووشدا کاردەکەین بۆ ئەوەی گفتوگۆ و کارە هاوبەشەکانمان زیاتر پەرەپێبدەین.
کوردستان24: ئەگەر باسی پەیوەندییەکانی دەرەوەتان بکەین، لەدوای ئەم بوومەلەرزەیە، پەیوەندییەکانتان بە شێوەیەک لە شێوازەکان نوێ دەبنەوە یاخود پەیکەربەندییەکی نوێیان دەبێت، ئەگەر بەنموونە وەریگرم، وەزیری دەرەوەی یۆنان کاتێک سەردانی ناوچهكانی بوومەلەرزەی کرد گوتی: بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان ئاسایی بکەینەوە، پێویستمان بە بوومەلەرزەیەکی دیکە نییە! بۆچوونتان دەربارەی ئەمە چییە؟
محەممەد مەولود یاقوت: من پێم باشە تێبینی ئەوە بکەین، تورکیا لە هەر کوێیەکی دونیا، چ لەگەڵ دراوسێکانی، چ لە جوگرافییە دوورەکان، لە کوێ کارەساتێکی سرووشتی یان قەیرانێک رووبدات، وڵاتێکە کە بەهانای مرۆڤەکانەوە دەچێت، هەروەها ئەوەی ئەمڕۆ لە جیهانەوە دەیبینین لە هاوکاری، پشتیوانی و راوێژ نیشانماندەدا کە چەندە کارێکی راستمان کردووە، ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە کە تورکیا لە دونیادا چەندە دۆستی هەیە و چەندە خۆشەویستە، لەدوای بوومەلەرزەوە 101 وڵات پێشنیازی هاوکارییان بۆکردین و ئێستاش لە ناوچەکە تیم و کارمەندانی 75 وڵات خەبات دەکەن.
وای دەبینم کە ئەمە دەرەنجامی هاوکارییەکانی تورکیایە، دەربارەی پەیوەندییەکانی تورکیاش، بێگومان بوومەلەرزە و کارەساتە سرووشتییەکانیش کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکان دەبێت، وەکو پێشتریش گوتم دراوسێکان لەکاتی تەنگانەدا هاوکاری یەکتر دەکەن، لە جیهان و لە تورکیاش نموونەی هاوکاری هەن، بۆنموونە ساڵی 1999 لە تورکیا و یۆناندا لە ماوەیەکی نزیک لەیەکدا بوومەلەرزە لە هەردوو وڵات روویدا و هەر دوو وڵات هەڵوێستیان هەبوو، هاوکاری یەکتریان کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانیان بچنە قۆناغێکی دیکەوە.
بەڵام من نامەوێت ئەوە تێکەڵ بە سیاسەت بکەم، چونکە دۆخێكی مرۆییە روودەدات و هەر کەسێك خۆی بەرپرسیاریهتی هەڵدەگرێت و هەوڵدەدات هاوکاری بکات، دەربارەی ئەوەش کە کاریگەرییەکانی رەوشەکە لەسەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یۆنان یاخود وڵاتانی دیکە چۆن دەبێت، بەپێی کات ئەمە دەزانین، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ئەرمەنستان و ئیسرائیلیش لەنێوان ئەو وڵاتانەدابوون، کە هاوکارییان کردین، دوو رۆژ لەمەوبەر وەزیری دەرهوەی ئیسرائیل لە تورکیابوو، جوڵهیهكی لەم شێوازەی درووستکرد، بەڵام وەکو پێشتر گوتم بەر لە هەموو شتێک ئەمە رەوشێکی مرۆییە و وای دەبینم کە پێویستە لە پەیوەندی سیاسی بە دوور بگیرێت.
کوردستان24: هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەو قەبارەیەبوون کە پێشبینیتان دەکرد؟ چونکە تورکیا لەلایهکەوە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە و لەلایهکی دیکەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان، رووسیا و ئیسرائیلیش باشە، ئایا هاوکارییەکان بەگوێرەی چاوەڕوانییەکان بوون؟
محەممەد مەولود یاقوت: راستییەکەی من پێم وانییە کە جێی سەرسوڕمانبێت هەروەک کە گوتم 101 وڵات، ئەمە ژمارەیەکی گەورەیە و ویستیان هاوکاری تورکیا بکەن و زۆربهشیان هاوکارییان کردین، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تورکیا پردی پەیوەندی لەنێوان وڵاتان و پێگە جیاوازەکان درووست دەکات، تورکیا لە نێوان دوو لایەن کە بەیەکەوە قسەیان نییە گفتوگۆ درووست دەکات و لەهەمان کاتدا پەیوەندییەکان پێشدەخات، بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە، کە بەم شێوە بەرفراوانە هاوکاری تورکیا کرا.
کوردستان24: ئەگەر بێینە سەر باسی ناوخۆی تورکیا، ئەو بوومەلەرزەیە پارتە سیاسییەکانی لە دەوری یەک کۆکردەوە یاخود زیاتر پەرتەوازەی کردن؟
محەممەد مەولود یاقوت: لەبەر ئەوەی کە بوومەلەرزەکە کارەساتێکی زۆر خەمناک بوو، هەموو خەڵک، لایەنەکان و بۆچوونە جیاوازەکانی لەیەکتری کۆکردەوە لە تورکیا،یەکگرتنێکی بەهێزی لە کۆمەڵگە درووستکرد، هەر کەسە و جیاوازییەکانی بەلاوەنا، بۆ ئەوەی ئەرکە مرۆییەکانیان بەجێبگەیەنن و ئەو ئازارەی کە هەیە کەمی بکەنەوە، ئەوەی لەدەستییان هات کردیان و ئەمە هەڵوێستێکی نموونەیی بوو.
بەنموونە، شەوی چوارشەممە 213 کەناڵ لە سێ وڵاتی جیاوازەوە پەخشێکی هاوبەشیان هەبوو، لەپەخشی راستەوخۆدا کۆمەکیان کۆدەکردەوە و گوژمەیەکی گەورە، کە 115 ملیار لیرەی تورکی بوو کۆکرایەوە، ئەمە واتە هەر کەسێ چی لەدەستهات بەخشی، هەموویان ئامانجێکی هاوبەشیان هەبوو، ئەویش کەمکردنەوەی ئازارەکان بوو، من ئەمەیان زۆر به ئەرێنی دەبینم و هەڵوێستێکی نموونەیی بوو.
کوردستان24: لەدوای بوومەلەرزە، لە دوو رۆژی یەکەمدا لایەن هەبوون باسی هەڵبژاردنیان دەکرد، بەپێی بۆچوونی ئێوە هەڵبژاردنی تورکیا لە بەرواری 14 ی گوڵاندا دەکرێت؟
محەممەد مەولود یاقوت: دەربارەی هەڵبژاردن، ئێستا بەروارێکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردن نییە، من وای دەبینم کە ئێستا هەموو کەسێک لەبیری کارەساتی بوومەلەرزەدایە، مشتومڕەکان بەلاوەنراون و خەڵکی ئازارێکی گشتییان هەیە و بیر لەوە دەکەنەوە چۆن سارێژی ئەم ئازارە بکەن، هەموویان هەوڵی ئەمە دەدەن، ئێستا تاکە ئامانجمان ئەوەیە، کە قەبارەی زیانەکان دیاری بکەین و ئازارەکان کەمبکەینەوە، دواتریش کە کاتی هات دەکرێت سەرنج بخرێتە سەر هەڵبژاردن و بابەتەکانی دیکە، لەڕاستیدا من ئەم مشتومڕانە لەم دۆخەدا بە گونجاو نابینم.
کوردستان24: دەمەوێت وەکو کۆتا پرسیار، پرسیارێکی کەسی بپرسم، ئێوە لەکاتی بوومەلەرزەکە دەبێ لێرە بووبن، چۆن زانیتان، هەستتان چی بوو، چ یادەوەرییەکتان ههیه کە هەرگیز لەبیری ناکەن؟ ئەگەر بە کورتیش باسی بکەن خۆشحاڵ دەبم؟
محەممەد مەولود یاقوت: من لە راستییدا لەو کاتەدا چەند رۆژێک وەکو مۆڵەت لە تورکیا بووم، ئەزموونی بوومەلەرزەکەم کرد، لە ئەدەنە بووم کە یەکێکە لەو 10 پارێزگایە، ئەدەنە کاریگەرییەکی بەهێزی بوومەلەرزەکەی بەرکەوت، بەو کاتژمێر چواری بەیانییە لەگەڵ بەهێزی بوومەلەرزەکە خەبەرمان بوویەوە و لەگەڵ خانەوادەکەم چووینە سەر شەقام و دواتر پاشلەرزەی بەدوا داهات، هەمان رۆژ لەدوای نیوەڕۆ بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر روویدا، هەرچەند کاریگەری بوومەلەرزە لەچاو پارێزگاکانی دیکە کەمتربوو، بەڵام بەداخەوە ئەم رێژەیەش خەڵکی شڵەژاند، من ساڵی 1998 یش لە ئەدەنە ئەزموونی بوومەلەرزەیەکی دیکەم کردووە کە 6.3 پلە بوو، بوومەلەرزە کارەساتە، بەڵام لە هەمان کاتدا راستییەکی ژیانی ئێمەیە و پێموایە دەبێ هەموو کاتێک ئامادەبین بۆ ئەمە.
کوردستان24: شتێک کە لەبیرتان ناچێتەوە؟
محەممەد مەولود یاقوت: گوتم لێرە خەڵک بە هەرچی لەدەستیان هات هاوکاری تورکیایان کرد، دەتوانم دوو شت بڵێم ئەوەی کە زانیم: لە سلێمانی پورێکی بە تەمەن مووچهی وەرگرتبوو، گوتبووی ئەمە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە بەرن ئەوەیان زۆر کاریگەری تێکردم، هەروەها لە هەولێر هاوکارییەکان لە شوێنێک کۆدەکرانەوە و هاوڕێیانی ئێمەشی لێبوو، منداڵێکی کچی بچووک، کە 7 ساڵان بوو و کچەکەمان ناوی دینا بوو هاتبوو هاوکاری پێشکەش بکات، ئێمە دەمانزانی خۆشەویستی تورکیا لەنێو خەڵکی هەرێمدا هەبوو، بەڵام بەو بوومەلەرزەیە بەو فاکتەرە ئازاربەخشە جارێکی دیکە ئەمەمان بینییەوە، بۆیە من جارێکی دیکە سوپاسی خەڵکی هەرێم، حکومەتی هەرێم و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەم، کە لەدوای کارەساتی بوومەلەرزە هاوکارییان کردین و بەپەلە کەمپینیان راگەیاند، زۆر سوپاسیان دەکەین.
کوردستان24: هەر بژین، ئێمەش جارێکی دیکە سەرەخۆشیتان لێدەکەین و سوپاستان دەکەین بۆ ئەم دەرفەتە.
محەممەد مەولود یاقوت: من سوپاستان دەکەم.