پۆلیسی هەولێر: خاوەن هۆتێلێک دەستی کەسێكی شکاندووە و  بەچەک رووبەڕووی پۆلیس بووەتەوە

پۆلیسی هەولێر
پۆلیسی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، خاوەن هۆتلێك لەکاتی شەڕ و دەمەقاڵێدا دەستی کەسێکی شکاندووە و دواتر بە چەک رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بووەتەوە.

پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشکرد، شەوی رابردوو (19ـی شوباتی 2023) بەشی پۆلیسی فریاکەوتن لە حاڵەتێکی شەڕکردن لەبەردەم هۆتێلێک لە شەقامی هەولێر - کەرکوک ئاگادارکرانەوە.

ئاماژە بەوەشدرا، کاتێک هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوتووە، کە شەڕ و دەماقاڵێ لە نێوان خاوەن هۆتێلەکە و خاوەنی مارکێتێکی ژێر هۆتێلەکە دروست بووە و لە ئەنجامدا خاوەنی هۆتێلەکە بە ناوی (ا. م. ق) دەستی خاوەنی مارکێتەکەی بە ناوی (ا. خ. ا) شکاندووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، لەکاتی گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، خاوەنی هۆتێلەکە بە چەک رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بووەتەوە.

ئەوەس خرایەڕوو، کە خاوەن هۆتێلەکە هەر زوو لەلایەن تیمەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن دەستگیر کرا و رەوانەی بنکەی پۆلیسی ئیسکان کرا تا رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.