بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی وۆرکشۆپی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزە بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وۆرکشۆپی پاراستنی هەرێـمی کوردستان لە بوومەلەرزە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2/21, کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وۆرکشۆپی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە هاوئاهەنگیی چاپتەری کوردستانی پەیمانگەی کۆنکریتی ئەمەریکی، تایبەت بە پاراستنی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزە بەڕێوەدەچێت.
هەروەها لە کارنامەی وۆرکشۆپەکەدا هاتووە، کە هەڵسەنگاندنی خانوو باڵەخانەکان و پرۆژەکانی ژێرخانی ئابووری و، پێشنیازکردنی رێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنیان ئەگەر پێویست بێت، ئامانجێکی سەرەکی وۆرکشۆپەکە دەبێت.
بە پێی کارنامەی وۆرکشۆپەکە، یەکێک لە ئامانجەکانی وۆرکشۆپەکە، داڕشتنی رێنمایی و نەخشەڕێی گونجاوە بۆ جێبجێکردنی پرۆژەکانی داهاتوو، لەپێناو کوردستانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو لەڕووی زانستی ئەندازیاری و کردارییەوە.
هەوڵدان بۆ دیاریکردنی کۆد و ستانداردی گونجاو بە سروشت و هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان، ئامانجێکی دیکەی وۆرکشۆپەکەیە.