لاهور شێخ جه‌نگی ده‌ست به‌ كاری سیاسی ده‌كاته‌وه‌

لاهور شێخ جه‌نگی
لاهور شێخ جه‌نگی

K24 - هه‌ولێر:

لاهور شێخ جه‌نگی له‌باره‌ی دۆخی هه‌نووكه‌یی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، "دوای ساڵونیوێک لە پشوودرێژی سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەموو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابوو، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان و بە پشتیوانیی هەڤاڵان و ئەندام و کادرانمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق هەوڵی یەکڕیزی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان دەدەین."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی لاهور شێخ جه‌نگیدا هاتووه‌: لە رابردووشدا چەندین جار رامانگەیاندوە و ئێشتاش دووپاتی دەکەمەوە پێویستمان بە یەکگرتوویی و کرانەوەی زیاترە لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگی نیشتمانی لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان لە پێناو چارەسەرکردنی یەکجاری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق، داواکارم ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنێین و دەستلەناودەست قۆڵی لێهەڵماڵین و هەنگاوی ڕاستەقینە و جدی بۆ بنێین تا پێگە و قەوارەی سیاسیی هەرێمەکەمان بەهێز و پارێزراوتر بکەین و میللەتەکەشمان لەم دۆخە ناهەموارە ڕزگار بکەین و هیوا و ئومێد بگەڕێنینەوە بۆ گەنجەکانمان و خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئۆقرەیی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دابین بکەین.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی لاهوور شێخ جه‌نگی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

ئاشکرایە لە دوای ڕووداوەکانی هەشتی تەمووزەوە، هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بووە کە ڕێگری لەو پیلانگێڕییانە بکەین کە ناحەزان و نەیارانمان دەیانویست دۆخی ناوخۆی یەکێتی و دۆخی هەرێمی کوردستانیش بەرەو لێکترازانی گەورە ببەن و ئەوەی بە خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو تێکۆشەران و دەیان هەزار خوێنی شەهیدی ئەم گەلە بەدەستهاتووە، لەناوی ببەن، بەڵام ئێمە لە پەرۆشیمان هەوڵی خاوکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی دۆخەکەماندا، سەرباری تیرۆرکردن و شەهیدکردنی چەند هەڤاڵێکمان کە هەرگیز لە یادیان ناکەین، سەرباری ئەوەی کە بە نایاسایی و دوور لە هەموو عورفێکی حزبی مامەڵەمان لەگەڵ کرا، بەڵام ئێمە تەنها لە خەمی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان بووین، دوور لە بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی، لەپێناو زیاتر تێکنەچوونی دۆخەکە هەر دانمان بەخۆماندا گرت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش ڕێگە ڕاستەکەمان هەڵبژارد، بە گرتنەبەری ڕێگەی مەدەنی و یاسایی و پەیڕەویی و بۆ بەسەروەرکردنی یاسا هەوڵماندا لە دادگا بەرگریی لە خۆمان بکەین لە هەموو ئەو تۆمەتە ناڕەوایانەی ئاڕاستەمان کرابوون، بێتاوانیی خۆمان سەلماند کە هەمووشتان شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن، چونکە پێمان وایە کۆمەڵانی خەڵک و یەکێتییەکان زۆر لەوە گەورەترن کە تووشی ترس و دڵەڕاوکێیان بکەین و ژیانیان بخەینە مەترسییەوە.

دوای ساڵونیوێک لە پشوودرێژی سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەموو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابوو، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان و بە پشتیوانیی هەڤاڵان و ئەندام و کادرانمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق هەوڵی یەکڕیزی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان دەدەین.

هەڤاڵانی ئازیز...
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت شانازیی بەخۆیەوە بکات کە هەمیشە ئەندام و کادرەکانی بوونەتە کۆڵەکەیەک و پاراستویانە، خۆتان باش ئاگادارن کە ژیانی ڕێکخراوەیی و حیزبی لەناو یەکێتی بەرەو چ ئاقارێک ڕۆیشتووە، لە ماوەی ئەم ساڵونیوەدا ڕۆژانە پەرۆشی و گلەیی و گازندەی ئێوە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و دڵسۆزانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانم پێگەیشتووە، منیش وەک ئێوە نیگەرانم لە لاوازبوونی دۆخی یەکێتی و خراپبوونی پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان کە لە مێژووی یەکێتی وەک ئێستا نەبووە. ئەدای لەناو حکومەت لاواز بووە و کاریگەریی ئەوتۆی نەماوە لە بڕیاڕە گرنگ و چارەنووسسازەکان لە عێراق و کوردستان کە ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردۆتە سەر ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

هەر بۆیە هەنگاوەکانمان لە ئاست خواست و داوا ڕەواکانی ئێوە دەبن، دڵنیاتان دەکەم کە لە پێناو خوێنی شەهیدان و ئاسودەکردنی رۆحی مامی گەورەمان بەشێک دەبین لە چارەسەر، لەو سۆنگەیەشەوە پەیامێکم ئاڕاستەی ئەندامانی بەڕێزی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کردووە کە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانیانە، بۆ ئەوەی بەیەکەوە ئەم دۆخە هەستارە تێپەڕێنین و شکۆ و سەروەری بگەڕێنینەوە بۆ حیزبی شەهیدان، هیوادارین ئەم نسکۆیەی بەسەر حزبەکەماندا هێنرا پەندێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، خۆ ئەگەر هەڤاڵانمان ئامادەنەبوون بۆ کاری پێکەوەیی، ئەوا ناچاردەبین بە جیا و لەژێر ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پشتبەست بە یاسا و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆدا درێژە بە خەبات و چالاکییە سیاسییەکانمان بدەین کە من و هەڤاڵەکانم هیوا بەوە ناخوازین، چونکە هەمووتان دەزانن ئەوە خزمەت بە هیچ لایەک ناکات.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەڤاڵان...
هەوڵەکانی من لە پەیوەست بە داکۆکی لە شەرعیەتی کاری سیاسیی ناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تەنها پرسێکی حیزبی و کەسی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خەمی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و دەڤەری سەوز بە تایبەتی. یەکێتی حیزبی حوکمڕانی ئەو ناوچەیەیە و لە ماوەی ڕابردووشدا خەڵک خۆیان شایەتن کە دوای کودەتا بە سەر شەرعیەتی ئەو حزبە لە هەموو ڕوویەکەوە چ نائارامیی و بێهیواییەک ڕووی کردۆتە ناوچەکە، ئەگەر ژیانی خەڵک ئارام و خزمەتگوزاریی باش و پرۆژەکان کرابان بۆ بەندە ئاسانتر بوو لە دوورەوە دەستخۆشی لە هاوڕێکانم بکەم و شانازی بە حزبەکەمەوە بکەم جا پۆست و پایەم هەرچییەک بێت، بەڵام هیچ بوارێک نەماوە لە غیابی ئێمەدا خراپتر نەبوو بێت، توڕەیی و گلەیی و ناڕەزایەتی و بێزاری لە حیزب و حکومەت لەو سنوورە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، بە سەربازگەکردن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و خراپیی دۆخی بازاڕ و بازرگانەکان و سەرانەسەندن و تێکشکاندنی دامەزراوەکان و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و نەهێشتنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و جێگرتنەوەی حیزب لە جیاتی حکومەت کە هەموو ئەمانە دوورن لەو پرەنسیپانەی کە یەکێتی خەباتی بۆ کردوون، هێندە بەسە بیڵێم بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کەسانێک نوێنەرایەتی ئەم دەڤەرەیان کردووە تاکە یەک پرۆژەی ستراتیژیان نییە پێشکەشی خەڵکیان کردبێت.

لێرەوە ئامۆژگاریی هەڤاڵانمان دەکەم کە بە دەستتێکەڵکردن لەگەڵ ناحەزان هەڵنەخەڵەتێن، باوەشکردن بە نەیاران و دوژمنانی ئەم ئەزموونەی بەدەستهاتووە لە پێناو مانەوە لە پۆستێکدا خزمەتیان پێناگەیەنێت، بێبەهاپیشاندان و بە سیاسیکردنی بڕیاری دادگا لە هەرێمی کوردستان خزمەتیان ناکات، تەنیا ڕێگەی ڕاست گەڕانەوەیە بۆ شاڕێی سیاسی و حیزبایەتیکردن بە ڕێگەی سیاسی و پەیڕەویی.

هەڤاڵانی خۆشەویست..
سیاسەت لە دیدی بەندەدا بەشێکە لە چاکەی گشتی و بۆ ئەوەش دەبێت خەڵک شایەتیت بۆ بدات، من هەموو جووڵەیەکم یاسایی یان سیاسیی پشتئەستوور بووە بە متمانەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە و پەرۆشی و پشتیوانیی هەڤاڵانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی، هەر بۆیە دەبێت هەڤاڵانمان بزانن کە پێکەوە دەتوانین دەنگدەران و کەسوکاری شەهیدان و کادر و ئەندامەکانمان ئاشت بکەینەوە و خۆمان بۆ ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییانە ساز و ئامادە بکەین کە لە ئایندەی نزیکدا دێنە پێش، چونکە جەماوەر لەوە زیاتر لێمان قبووڵ ناکات، خۆ ئەگەر عینادیی سیاسی هەڵبژێرن دەبێت باش بزانن کە سندوقەکانی دەنگدان دەریدەخەن کێ گەل پەسەند و کێش خەڵکی بێ هیوا کردووە، هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە دەبێت کێ خاوەنی سەنگی ڕاستەقینەیە لەناو حزب و جەماوەردا.

هەر لێرەشەوە ڕوو دەکەمە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، هەموو لایەکتان باش دەزانن کە پەیوەندییەکانی هەرێم لە چ ئاستێکدایە و وڵاتانی دەرەوە چۆن نیگەرانن لە پاشەکشەی سیاسی و حکومڕانی لەم هەرێمە، دۆخەکە بەرەو بنبەستی تەواو دەڕوات، ئەوەش قەوارەکەی خستۆتە بەردەم مەترسیی جدی و ترسناکەوە، بێدەربەستی و خۆپەرستی هەندێ فیگەری سیاسی خەریکە کۆی دۆخەکە بەرەو ئاڕاستەی نەخوازراو دەبات. بۆیە پێویستمان بە هاوخەباتی و کاری پێکەوەیی و یەکڕیزیی نیشتمانی هەیە، مەترسی ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ئاستی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و بێئومێدیی گەنجەکانمان، فراوانبوونی ناکۆکی و دووبەرەکی نێوان یەکێتی و پارتی و ئیفلیجبوونی حوکمڕانی، فشارەکان لە بەغدا، دەیان کێشەی تر ئەوەمان لێ ئەخوازێت قووڵتر و خەمخۆرانەتر بیر لە دۆخەکە و چارەسەری سیاسییانەی دور لە هەڵچوون و خۆپەرستی بکەینەوە.

لە رابردووشدا چەندین جار رامانگەیاندوە و ئێشتاش دووپاتی دەکەمەوە پێویستمان بە یەکگرتوویی و کرانەوەی زیاترە لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگی نیشتمانی لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان لە پێناو چارەسەرکردنی یەکجاری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق، داواکارم ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنێین و دەستلەناودەست قۆڵی لێهەڵماڵین و هەنگاوی ڕاستەقینە و جدی بۆ بنێین تا پێگە و قەوارەی سیاسیی هەرێمەکەمان بەهێز و پارێزراوتر بکەین و میللەتەکەشمان لەم دۆخە ناهەموارە ڕزگار بکەین و هیوا و ئومێد بگەڕێنینەوە بۆ گەنجەکانمان و خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئۆقرەیی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دابین بکەین.
هەرشاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
٢٢ی٢ی٢٠٢٣