مێتا: دەیان ملیۆن کەس لە ئێران ئینستاگرام بەکاردەهێنن
K24 - هەولێر:
گرووپی کۆمپانیاکانی مێتا ئاشکرایکرد، سەرەڕای قەدەغەکردنی ئینستاگرام لە ئێران، هێشتا دەیان ملیۆن کەس لەو وڵاتە هەژماری ئیسنتاگرامیان هەیە و بەکاریدەهێنن.
نیک کلیگ، بەرپرسی کاروباری نێودەوڵەتی لە کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، سەرەڕای ئەو رێکارە توندانەی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سنووردارکردنی ئینتەرنێت لەو وڵاتە گرتوویانەتە بەر، بەڵام هیشتا دەیان ملیۆن بەکارهێنەری ئینستاگرام لەو وڵاتە هەن.
بەرپرسی کاروباری نێودەوڵەتی کۆمپانیای مێتا، سنووردارکردنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ماوەی رابردوو دەگەڕێنێتەوە، کە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) دەستیپێکرد.
نیک کلیگ گوتی: دەیان ملیۆن کەس لە ئێران لەرێگەی ئەپڵیکەیشن و بەرنامەکانی (VPN)ـەوە ئینستاگرام و پلاتفۆڕمەکانی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن.
حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران تا ئێستا چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتی و پلاتفۆڕمی پەیوەندیکردنیان لە وڵاتەکەی خۆیاندا قەدەغەکردووە، لەوانە (یوتیوب، فەیسبووک، تویتەر، واتسئەپ، تێلیگرام، سناپچات و ئیسنتاگرام).