''هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە، نەوت و دەروازە سنوورییەکان هەنگاوی گرنگیان ناوە"

ئاڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان
ئاڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌، نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كان هه‌نگاوی باشیان بڕیوه‌.

ڤیان سه‌بری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ رۆژنامه‌ی سه‌باحی عێراقی راگه‌یاندووه‌، له‌میانه‌ی سه‌ردانی  شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا،  گفتوگۆی باش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ و نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كان كراوه‌، پێكه‌وه‌ هه‌نگاوی گرنگیان له‌زۆر دۆسییه‌دا ناوه‌.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، لیژنه‌یه‌كیان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا پێكهێناوه‌و سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان، نەوت و بودجە، بە دیدێکی هاوبەش چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان هه‌ولێر و بەغدا به‌ به‌رده‌وامی كار ده‌كه‌ن.

سەر لە بەیانی رۆژی 19ـی شوبات، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەردەوامیدا بە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان نێوان هەردوولا سه‌ردانی به‌غدای كرد، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆیان له‌باره‌ی پڕۆژەیاسای بودجە، پڕۆژە یاسای نەوت و غاز و چەند دۆسیەیەکی گرنگ لەنێوان هەرێم و بەغدا كرد.

پێشتر جووتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆكاندا، پرسی یاسای نه‌وت و غاز، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌، شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق تاوتوێده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی بودجه‌ی 2023، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (16ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، جوتیار عادل ئاشكرایكرد، رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ـی فیدراڵی له ‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی كراوه‌ و ئه‌ركه‌كانی هه‌ردوولا دیاریكراون، به‌ڵام "هه‌ندێك ورده‌كاری ماون" پێویسته‌ گفتوگۆیی زیاتریان له‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پشتگوێ نه‌خرێن.

رۆژی (11ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023) شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانێكی دوو رۆژه‌ی بۆ به‌غدا ئه‌نجامدا و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و پلاندانانی عێراق، ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و كۆمپانیای سۆمۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا.